دەزگای هەواڵگری عێراق: بەرپرسی تێپەراندنی چەکدارانی داعش لە سنورەکانی نێوان عێراق – سوریا دەستگیرکرا

هەولێر – نۆرس پرێس

دەزگای هەواڵگری فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستگیرکردنی بەرپرسێکی داعشی لە کەرکوک، لە باکووری عێراق راگەیاند، کە رۆڵی هەبووە لە تێپەڕاندنی چەکدارانی داعش لە سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا.

دەزگای هەواڵگری لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، مەفرەزەکانیان لە پارێزگای کەرکوک توانیویانە، لە رێگەی بۆسەیەکی سەرکەوتوو، یەکێک لە داواکراوەکان بەپێی برگەکانی ماددەی 4ی یاسای تیرۆر دەستگیر بکەن.

هەواڵگری عێراق ناوی دەستگیرکراوەکەی داعش ئاشکرا نەکردووە، بەڵام رایگەیاندووە کە “بەشداری کردووە لە ئاسانکاری تێپەراندنی تیرۆریستان بۆ نێو عێراق لە سوریاوە”.

دەزگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە ژمارەیەک  ناسنامەی ساختە هەڵگرتبوو تاوەکو ناسنامەکان لە کاتی تێپەربوون بە بازگەکانی ئەمنیەوە بەکاربهێنێت.