هەولێر-نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دوشەممە سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، یاخیبونی گروپی سەربازی تایبەتی ڤاگنەری ڕوسیا، نیشانەی ئەوەیە کە مۆسکۆ بە دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا هەڵەیەکی ستراتیژی کردووە.
ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە میانەی سەردانێکیدا بۆ پایتەختی لیتوانیا بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەو ڕوداوانەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕوویانداوە کارێکی ناوخۆیی ڕوسیایە و بەڵگەی زیاترن لەسەر ئەو هەڵە ستراتیژییە گەورەیەی کە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا بە لکاندنی نایاسایی کرێمیا و شەڕی ئۆکرانیا کردویەتی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتێکدا روسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی، گرنگە کە ناتوو بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا.
یڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر کە چەکدارەکانی لە ئۆکرانیا شەڕ دەکەن، سەرکردایەتی یاخیبونێکی چەکداری بەرفراوانی کرد، لە نێوان ئێوارەی هەینی تا ئێوارەی شەممە، لەسەر خاکی ڕوسیا، بە ئامانجی ڕوخاندنی سەرکردایەتی سەربازی کە چەند مانگێک بو ململانێیەکی ئاشکرای لەگەڵدا بەڕێوەبردبوو
بازرگانەکە و چەکدارەکانی کۆنتڕۆڵی شاری ڕۆستۆڤ (باشور)یان کرد، هێزەکانیشی چەند ناوچەیەکیان تێپەڕاند، تا بە دوری سەدان کیلۆمەتر لە مۆسکۆ نزیکبونەوە، ئەوەش بووەتە هۆی سەرلێشێواوی لە نێوخۆیی ڕوسیا و دەرەوەی وڵات.
دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، لە نێوان کرێملین و پریگۆژین، دوای نێوەندگیری ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیا چەکدارانی ڤاگنەر لەو ناوچانە کشانەوە کە کۆنتڕۆڵیان کردبوو.