بۆ شەرمەزارکردنی بۆردوومانەکانی تورکیا.. لە رەققە خۆپیشاندانێک رێکخرا
رەققە – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، دانیشتوانی شاری رەققەی رۆژئاوای کوردستان لە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیدا، بۆردومانی تورکیایان بۆ سەر رۆژئاڤا شەرمەزار کرد.
سێشەممەی رابردوو، درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی بەرپرسانی بەڕێوبەری خۆسەری کردە ئامانج و هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ، یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لیمان شوێش و شۆفێرەکەیان فورات تۆما شەهید بوون، هاوکات هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکە، کەعبی شەمعون، بریندار بووە، بەپێی ئەوەی کە خۆسەری رایگەیاندووە.
دانیشتوانی شاری رەققە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەر و سەرۆکی لیژنەکانی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە و شێخ و کەسایەتییە دیارەکانی خێڵە عەرەبەکان بەشداری رێپێوانەکەیان کرد.
بەشداربووان دروشمیان بەوجۆرەیان بەرزکردبووەوە، کە بێدەنگی نێودەوڵەتییان سەبارەت بە هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانەکانی تورکیایان شەرمەزار دەکرد و داوای وەستاندنی هێرشەکانیان و سەپاندنی گەمارۆی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچەکە دەکرد.
عەلی ئەلعەلی، شێخی خێڵی تی لە رەققە رایگەیاند، “بۆردومانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا سەرکۆنە دەکەین”.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس زیادی کرد: “ئێمە هاوڵاتی سووریاین و هەرچەشنە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی سوریا و گەلەکەی سەرکۆنە دەکەین”، هەروەها ناوبراو تورکیای بە دەوڵەتێکی “تەماحکار بە خاکی سوریا” ناوزەد کرد.