تورکیا 130 پەنابەری سوریا بەزۆر دیپۆرتدەکاتەوە

گوندەواری حەڵەب – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 130 کۆچبەری سوریایان لە تورکیاوە بۆ ناوچەکانی گوندەواری باکووری حەڵەب، لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی باب ئەلسەلامەوە لە نزیک شاری عەزاز، بەزۆر دیپۆرتکردەوە.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە گوندەواری حەڵەبەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “دەسەڵاتدارانی تورکیا 130 کەسیان دیپۆرتکردووەتەوە کە لە کامپەکانی دەستبەسەرکردنی تورکیا بوون لە رێگەی دەروازەی باب ئەلسەلامەوە، لە باکووری ئەعزاز”.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دیپۆرتکردنەوەکە بە بیانووی تەواونەکردنی داتاکان و نەبوونی کارتی ئیقامەی کاتی بووە.

باسی لەوەشکرد، ئەو کەسانەی دیپۆرتکراونەتەوە لە رێگەی دەروازەی باب ئەلسەلامەوە ئەودیوکراونەتەوە و دواتر بەرەو چەند شوێنێک لە گوندەواری باکوری حەڵەب رۆشتوون.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا بە بیانووی پێشێلکارییەوە، ناوبەناو هەڵمەتی دەستگیرکردن دژی پەنابەرانی سووری ئەنجام دەدەن، پاش دەستگیرکردنیان دیپۆرتیان دەکەنەوە بۆ سوریا.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی