هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، هێزەعێراقییەکان رایانگەیاند، سێ ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە پارێزگای کەرکوک کوشتووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەێنراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، گوتیان، “شانەی بەئامانجکردنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و شانەی هەڵۆکانی دەزگای هەواڵگری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، توانیان چاودێری سێ ئەندامی باندە تیرۆریستییەکانی داعش لە ناوچەی تورکلان بکەن، لە پارێزگای کەرکوک.”
ئاماژەیان بەوەشکرد، دوابەدوای ئەو زانیاریانە، هێزێک لە فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، لەناو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک، چوونەتە شوێنەکە و لەگەڵ ئەو ئەندامانەی داعش بەشەرهاتوون و توانیان گەمارۆیان بدەن.
هەر لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، ” لەئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکەدا، سێ ئەندامەکەی داعش کوژراون، ئەو پشتێنە تەقەمەنیانەی کە بەستبوویان، تەقێنرانەوە، هەروەها دەست بەسەر سێ تفەنگیشدا گیراوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا، یەکێک لە سەربازەکانی هێزە عێراقییەکان گیانی لەدەستداوە، هەروەها لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەفسەرێک بریندار بووە.