لە کۆبانێ شانۆگەرییەک بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی کۆبانێ پێشکەشکرا
کۆبانێ – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، ناوەندی “باقی خەدۆ” بۆ رۆشنبیری و هونەر لە شاری کۆبانێ، رۆژئاوای کوردستان، بە بۆنەی هەشتەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی کۆبانێوە، بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانیان، شانۆگەرییەکی بە ناوی “رۆحە پیرۆزەکان” پێشکەش کرد، کۆمەڵکوژیی کۆبانێ لەلایەن ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ەوە، لە 25ی حوزەیرانی 2015دا ئەنجامدرا.
شانۆناگەریەکە لە نووسینی خوێندکاری زانکۆ “سەوسەن شێخ بەکر” و دەرهێنانی “جیب موشید” بوو، لەسەر شانۆی سەنتەری باقی خەدۆ بۆ رۆشنبیری و هونەر نمایش کراوە.
“موشید” بە نۆرس پرێسی راگەیاند، شانۆنامەکە باس لە چیرۆک و خەونی هەشت کارەکتەری کۆبانی دەکات (لەوانەش منداڵ، گەنج، ژن و پیاو) لە شەوی کۆمەڵکوژیەکەدا، هەروەها چۆن “داعش” خەونەکانیانی لەگۆڕناون.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تیشک دەخاتە سەر رووداوەکانی شەوی کۆمەڵکوژییەکە، هەروەها چۆن داعش هێرشی کردە سەر شاری کۆبانی و دانیشتوانەکەی قەتڵوعام کرد، بەڵام خۆڕاگری دانیشتووانەکەی بووەهۆی بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەسەر ئەو رێکخراوە توندڕەوەدا”، بە گوتەی ئەو.
دانیشتوانی کۆبانی شەوی 25ی حوزەیرانی 2015 بە “شەوی خیانەت” ناودەبەن، کاتێک ‘داعش” هێرشی کردە سەر شارەکە و 253 کەسی شەهیدکرد و 273 ی دیکەشی بریندارکرد، کە زۆربەیان منداڵ و ژن و بەساڵاچوو بوون.