ڕۆژنامەیەکی بەریتانی سوپرایزێکی ئەفسانە لیۆنێل مێسی ئاشکرا دەکات

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئینگلتەرا سوپرایزێکی پەیوەندیدار بە ژیانی وەرزشی ئەفسانەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئاشکراکرد.

مێسی لەم دواییانەدا سەرکردایەتی ئەرجەنتین کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2022ی قەتەر، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 33 ساڵ لە نازناوەكەوە بێبەشبوون.

بەگوێرەی هەواڵێكی ڕۆژنامەی “میرۆر”ی بەریتانی، مێسی بۆ ماوەی ساڵێک لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەشداری یارییەكان ناکات.

دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، لە هاوینی ئەمساڵدا بێبەرامبەر پەیوەندی بە یانەی ئینتەر میامی ئەمەریکییەوە کرد.

ڕونیشیکردەوە، مێسی داوای لە لیۆنێل سکالۆنی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کردووە بۆ ماوەی ساڵێک بانگهێشتی هەڵبژاردەی ولاتەکەی نەكات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، داواکەی مێسی سکالۆنی توشی سەرسوڕمان کردوە بۆیە ئەو داوایەی  گەیاندووەتە فیدراسیۆنی ئەرجەنتین بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر بدرێت.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، خواستی مێسی بۆ ئەوە هاتووە کە خۆی و خێزانەکەی بتوانن خۆیان لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا بگونجێنن.

بڕیارە مێسی یەکەم یاری خۆی لەگەڵ ئینتەر میامی ئەنجام بدات، کە لە 21ی تەمموزدا بەرامبەر کروز ئازولی مەکسیک لە جامی خولەکە ئەنجام دەدات.

مێسی، لەگەڵ هاوسەرەکەی و سێ منداڵەکەی، بەدوای ماڵێکی نوێدا دەگەڕێت لە ئەمەریکا، پێش ئەوەی بچێتە ئەوێ بۆ نیشتەجێبون.