هەولێر- نۆرس پرێس
وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، سبەی دووشەممە یاسای بودجەی فیدراڵی لە ڕۆژنامەی عێراقی بڵاودەکرێتەوە و لەرۆژی یەکی کانونی دوەمی 2023 هەژماردەكرێت.
لەڕاگەیەندراوێکدا کامیل ئەمین وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بڵاویکردەوە، سبەی یاسای بودجەی ساڵی 2023 و 2024 و 2025 لە ڕۆژنامەی وەقایعی فەرمی عێراقی بڵاودەکرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، یاساکە لەسبەینێوە بەفەرمی کاری پێدەکرێت و لە رۆژی 1-1-2023 وە هەژماردەكرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەپێی یاسای بودجەی سێ ساڵ.
وەزارەتی دارایی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەردەوامن بە هاوکاری وەزارەتی داد لە وردبینیکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی 2023،
کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەم دواییانەدا پەسەندی کرد، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمی عێراق.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بڵاوبونەوەی یاساکە لە ڕۆژنامەی وەقایعی فەرمی، ڕێنماییەکان بۆ جێبەجێکردنی بودجە دەردەکەین.
بەرەبەیانی هەشتی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی بۆ ساڵانی دارایی 2023 و 2024 و 2025 پەسەندکرد.
بەهای بودجەی ئەمساڵ 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینارە (نزیکەی 152.2 ملیار دۆلار)، بە کۆی گشتی کورتهێنانی 63 ترلیۆن دینار (48.3 ملیار دۆلار)، لەکاتێکدا بڕگەکانی بودجەی 2023 و 2024 بڵاونەکراونەتەوە.