کۆمەڵەی گۆشفرۆشەکان لە گوندەواری دیمەشق پێشبینی دەکەن ژمارەی قوربانییەکان بۆ نیوە کەم ببێتەوە
دیمهشق – نۆرس پرێس
ئەمرۆ یەکشەممە، 25ی حوزەیرانی 2023، موحێدین ئەلرەیس، سەرۆکی کۆمەڵەی گۆشفرۆشەکان لە گوندەوارەکانی دیمەشق، پێشبینی کردبوو کە ژمارەی قوربانییەکانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بۆ نیوە کەم ببێتەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک بۆ رۆژنامەی ئەلوەتانی نیمچە فەرمی، سەرۆکی کۆمەڵەکە هۆکاری ئەمەی بۆ لاوازی توانای کرینی کڕیار و گرانبوونی نرخی ئاژەڵی قوربانی بە جیاوازییەکی زۆر بەراورد بە ساڵی رابردوو گەراندۆتەوە.
ئەلرەیس دەڵێت، “نرخی مەڕێکی قوربانی نزیکەی 43 هەزارە بۆ هەر کیلۆیەک، بۆ ئەو مەڕانەی کە کێشیان لە نێوان 50 بۆ 60 کیلۆدایە، لەکاتێکدا نرخی وشترێک 30 هەزار لیرە، مانگاش 28 هەزار لیرەیە”.
ئەلرەیس پێشبینی ئەوەی دەکرد دوای جەژن نرخی گۆشتی سوور دابەزینێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، ئەمەش بەهۆی پێویستی ئەو کەسانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن بۆ فرۆشتنی ئەو مەڕانەی کە وەک ئامادەکارییەک بۆ جەژن قەڵەو کرابوون، و نەفرۆشراون، جگە لە دوودڵی بەکاربەر بۆ کڕین لە ئەنجامی نەبوونی توانای کڕینیان.
جەختی لەوە کردەوە کە نرخی مەڕ دەبێت 35 هەزار لیرە بێت بۆ هەر کیلۆیەک.
ئەلرەیس داوای زیادکردنی پاڵپشتی بۆ بەخێوکەرانی مەڕ دەکات بەتایبەتی لەرووی دابینکردنی عەلوە و کەمکردنەوەی نرخەکانی لەپێناو پاراستنی ئاژەڵ و رێگریکردن لە لەناوچوونیان، بەمەش رێگە بە بەخێوکەر دەدات نرخەکانی کەمبکاتەوە، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر گۆشتفرۆش و کڕیار دەبێت.