بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێ لە عێراق دامەزرا

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، یەکەمین کۆنفرانسی دامەزراندنی بزووتنەوەی “چالاکوانان” لە هۆڵی یەکێتی بازرگانان لە بەسرە بەڕێوەچوو، ئەمڕۆش ئەندامانی بزووتنەوەکە رایانگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی چالاکوانانی هەرێمی بەسرە، بۆ پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی، یەکەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەکەیان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامداوە.

بەرپرسانی بزووتنەوەکە کەسانی ناسراو و چالاکوانن، هەروەک لە ساڵانی رابردوودا داوایان دەکرد هەرێمی بەسرە وەکو هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، کە بووەتە نموونەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  بەهۆی ئەو پێشکەوتنەی کە لە بوارە جیاجیاکاندا بەدەستی هێناوە، لە خزمەتگوزاری گشتی بەتایبەتی لە کەرتی بیناسازیدا.

ئەندامانی بزووتنەوەی چالاکوانان هیوایان خواست کە بزووتنەوەکە هەموو هەوڵێکی بۆ داواکردنی پڕۆژەی هەرێمی بەسرە بێت، هەروەها بۆ نەهێشتنی ستەمی بەناوەندیی بوون.

یەکێک لە ئامانجەکانی بزووتنەوەکە خۆکاندیدکردنە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق کە بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2023 بەڕێوەبچێت.

بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2003 داوا یاساییەکانی هەرێمی بەسرە لە سەرەتای ئازادکردنی عێراق لە رژێمی بەعس، هاتە ئاراوە، لە ساڵی 2019دا، ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە بە زۆرینەی دەنگ داوای گۆڕینی “پارێزگای بەسرە” یان بە “هەرێمی بەسرە” کرد، بەڵام لەبەر رازی نەبوونی حکومەتی فیدراڵی نەیانتوانی سەرکەوتووبن.