لەئەنجامی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق ژمارەیەک لە تیرۆرستانی داعش کوژران

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە شانەی ڕاگەیاندنی سەربازی عێراقی رایگەیاند، لەئەنجامی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق، لە باشوری کەرکوک، ژمارەیەک لە تیرۆرستانی داعش کوژران، دەستیش بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.

شانەی ڕاگەیاندنی سەربازی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لەئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا کە بە یارمەتی فڕۆکەی F-16 ئەنجامدراوە، هێزەکانی عێراقی توانیان گروپێکی تیرۆریستی داعش بکەنە ئامانج.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی بووە، بە چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی داعش لە گوندی رەفیعی سەر بەناحیەی رەشادی پارێزگای کەرکوک.

ئەوەش خراوەتەڕو، دوای بۆردومانەکە، بە هەماهەنگییەکی زۆری نێوان هێزی ئاسمانی و هێزی زەمینی، هێز جوڵەی کرد بۆ گەڕان بەدوای شوێنی ئامانجکراو و تەرمی تیرۆریستانیان دۆزییەوە، کە یەکێکیان پشتێنەیەکی تەقینەوەی لەسەر بووە و بە هەوڵی ئەندازیاری توانرا پوچەڵ بکرێتەوە، هەروەها دەستیش بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیدا گیرا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، بەردەوامی کارە ئەمنییەکان لەدژی تیرۆرستانی داعش و چاودێریکردنی جموجۆڵەکانیان دەرئەنجامی زۆری لە چارەسەرکردنی ئۆپەراسیۆنەکاندا هەبووە.