کوژران و برینداربوونی 44 کۆڵبەر و کاسبکار لە ماوەی 3 مانگدا

هەولێر – نۆرس پرێس

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی 3 مانگی سەرەتای ساڵدا بە لانی کەم 44 کۆڵبەر و کاسبکار لە سنورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون کە 77% کۆی حاڵەتەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، 8 کۆڵبەر و کاسبکار گیانیان لەدەست داوە و 36 کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش برینداربوون کە دوو کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان خوار 18 ساڵیەوە بووە.

بەپێی سەرچاوەکان، زۆرترین قوربانی لە پارێزگای کرماشان بوون کە بە 28 حاڵەت تۆمار کراون.

 شایانی باسە زۆرترین ژمارەی کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکاران بە 6 حاڵەت لە سنورەکانی شاری بانە بووە و زۆرترین ژمارەی برینداربوونی کۆڵبەران بە 26 حاڵەت لە سنورەکانی ناوچەی نەوسوودی شاری پاوە بووە.

هۆکاری کوژران یان برینداربوونی کۆڵبەران و کاسباران جۆراوجۆر بووە، بە تەقەکردنی ڕاستەوخۆ 34 حاڵەت (4 کوژراو و 30 بریندار) واتە 77%ی کۆی هەموو حاڵەتەکان.

ڕووداوە سروشتییەکانیش 6 حاڵەت (3 کوژراو و 3 بریندار) واتە 14٪ی کۆی هەموو حاڵەتەکان بووە.

ئەشکەنجە و لێدان و هەروەها لێدان بە ئۆتۆمبێل 3 کەس (1 کوژراو و 2 بریندار) واتە 7٪ی کۆی هەموو حاڵەتەکان.

بە تەقینەوەی مینیش 1 کەس واتە 2٪ی کۆی هەموو حاڵەتەکان.

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە، پارێزگای ئورمیە 2 کەس (1 کوژراو و 1 بریندار).

پارێزگای سنە 14 کەس (6 کوژراو و ٨ بریندار).

پارێزگای کرماشان 28 کەس (1 کوژراو و 27 بریندار).

ئەو هێزەی کە تەقەی کردووە؛

هەنگی سنووری، 27 کەس (2 کوژراو و 25 بریندار)

هێزەکانی سوپای پاسداران 6 کەس (1 کوژراو و 5 بریندار)

هێزەکانی ئینتزامی 1 کەس (1 کوژراو).