گوندەواری حەلەب.. بەهۆی دابەزینی لیرەی تورکی نرخی دەرمان بەرزبووەتەوە
ئەعزاز – نۆرس پرێس
رۆژی شەممە 24ی حوزەیرانی 2023، بەشێوەیەکی بەرچاو نرخی دەرمان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی لە ناوچەی ئەعزازی باکوری شاری حەلەب بەهۆی ناسەقامگیری نرخی لیرەی تورکی و دابەزینی بەرامبەر دۆلار .
دەرمانسازێک بە نۆرس پرێسی راگەیاند، زۆرێک لە دەرمانەکان نرخیان بەرزبۆتەوە بەشێوەیەک هەر یەکێک لەو دەرمانانە سێ بۆ 9 لیرەی تورکی (1200-3600 لیرەی سووری) جیاوازی هەیە بەراورد بە نرخی پێشووی.
دوێنی هەینی، یەک دۆلار بەرامبەر بوو بە 25.6 لیرەی تورکی بە گوێرەی نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ناوچەکە.
ئەو دەرمانسازە ئاماژەی بەوەشکرد، جیاوازی نرخ لە نێوان جۆرەکانی دەرمان هەیە بەشێوەیەک شروبی منداڵ لە 56 لیرەی تورکیەوە بوە بە 65 لیرە کە دەکاتە 26 هەزار لیرەی سووریی هەروەها نرخی سیرۆم لە 25لیرەی تورکیەوە بوە بە 30 لیرەی تورکی واتە پێشتر بە 10 هەزار لیرەی سووریی بووە ئێستا بوەتە 12 هەزار.
باس لەوە دەکرێت بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان بە شێوەیەکی کتوپڕ دوای دابەزینی نرخی لیرەی تورکی دێت بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، هەروەها بەرزکردنەوەی سو لە تورکیا لە ٪8.5 بۆ ٪15.