کودەتا سەربازییەکەی ڤاگنەر “خیانەتە”

هەولێر – نۆرس پرێس

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکدا رایگەیاند، کە کودەتا سەربازییەکەی ڤاگنەر خیانەتە، هەر کەسێکیش چەک دژی سوپای رووسیا هەڵبگرێت سزا دەدرێت.

گوتیشی: “هەرشتێک پێویست بێت دەیکەم بۆ پاراستنی رووسیا، رێکاری توندیش دەگرینە بەر بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە رۆستۆف ئۆن دۆن”.

رۆستۆف ئۆن دۆن، شارێکە لە باشووری رووسیا، کە سەرۆکی ڤاگنەر رایگەیاندووە کە دەستیان گرتووە بەسەر سەرجەم پێگە سەربازییەکانی روسیا لەو شارە.

قسەکانی پوتین لەکاتێدایە کە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاند کە لە مۆسکۆی پایتەخت و ناوچەکانی چواردەوری حاڵەتی باری لەناکاو راگەیەندراوە ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لەدوای هەڵگەڕانەوە و کودەتای یەفجینی بریگۆجین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر دێت لە رووسیا.

سێرجی سوبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، رێکارە ئەمنی و سەربازییەکانیان لە پایتەختی رووسیا تووند کردوەتەوە، ئەمەش وەک ئامادە باشییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هاوکات هێزی ئەمنی لەسەر شەقامەکانی رووسیا بڵاوەیان پێکراوە و هەموو کۆڕ و کۆبونەوە جەماوەرییەکانیش لە پایتەختی رووسیا قەدەغە کراون.

رێکارەکانی رووسیا دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی گروپی ڤاگنەر داوای چەکهەڵگرتن و دژایەتیکردنی رووسیای کرد دوای ئەوەی کە رووسیای تۆمەتبار کرد بە بۆردومانکردنی هێزەکانی ڤاگنەر، رووسیاش قسەکانی سەرۆکی گروپی ڤاگنەری بەدرۆ خستووەتەوە.