دەسەڵاتدارانی قوبروس: 45 کۆچبەری سوریی رزگارکران

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی قوبروس، رۆژی هەینی 23/6/2023 هێزەکانی وڵاتەکەیان 45 کۆچبەری سووریان رزگارکرد کە لە دوو بەلەمدا بوون، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت کە لە نزیک کەناراوەکانی قوبروس رووبەرووی کێشە و گرفت دەبنەوە،

سەنتەری هەماهەنگی گەران و رزگارکردن لە قوبروس رایگەیاند، “ئێوارەی پێنجشەممە ئۆپەراسیۆنێکیان لە کەناری  دورگەی کابۆ گریکۆ ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا توانیویەتی 29 پیاو و پێنج ژن و 11 منداڵ بگوازنەوە بۆ شوێنی سەلامەت”.

بەگوتەی پۆلیسی قوبروس، باری تەندروستی کۆچبەران باشە و گواستراونەتەوە بۆ ناوەندێکی پێشوازیی کۆچبەران لە ناوەندی  نیکۆسیای پایتەخت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو کەسی دەستگیرکردووە کە تەمەنیان 20 و 18 ساڵ بووە بە تۆمەتی ئەوەی بەرپرسیارن لە بەقاچابردنی ئەو 45 کەسە.

بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی قوبروس ژمارەی کۆچبەران لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو زیادیکردوە بە جورێک، لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2023 بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 60% زیادبوون تۆمارکراوە.

دەسەڵاتدارانی قوبروس ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەم دەگەن، لە بەندەری تەرتووس لە سوریا بەرێدەکەون.