پلانە گەورەکەی سعودیە بۆ زیادکردنی ژمارەی حاجیان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بەریەک دەکەون

هەولێر-نۆرس پرێس

سعودیە پلانی گەورەی هەیە بۆ پێشوازیکردن لەملیۆنان حاجی  بۆ پیرۆزترین شوێنی ئیسلام، بەڵام لەگەڵ گەرمبونی کەشوهەوا حەجی ساڵانە کە بەشێکی زۆری لە دەرەوە لە بیابانەکاندا ئەنجامدەدرێت ڕەنگە ببێتە تەحەدایەک بۆ وڵاتەکە بەتایبەت تادێت پلەکانی گەرما بەرزتر دەبنەوە.

زیادبونی ژمارەی زیارەتکاران هاوکاتە لەگەڵ زیادبونی گواستنەوەی ئاسمانی نێودەوڵەتی و فراوانبونی ژێرخانی وڵاتەکە، بەڵام نیگەرانییەکان لەبارەی بەردەوامیی تادێت زیاتر دەبێت.

هەفتەی داهاتوو ڕێوڕەسمی حەج لە سعودیە دەستپێدەکات، دوای ئەوەی ئەو سنوردارکردنانەی لە سەردەمی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا سەپێندرابون هەڵگیرا، لە ساڵی 2019 نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس بەشداری ڕێوڕەسمی حەجیان کردووە، پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ ژمارەیان بگاتە دوو ملیۆن حاجی.

بەپێی پلانی بەرفراوانی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، 30 ملیۆن حاجی بەشداری لە حەج و عومرەدا دەکەن، ئەوەش بە زیاتر لە 10 ملیۆن حاجی زیاد مەزەندە دەکرێت بە بەراورد بە ئاستی پێش پەتاکە.

ئەو پلانەی نوێیەی سعودیە پێویستی بە زیادکردن و بەرفراوانکردنی هۆتێل و ژێرخانی مەککە و مەدینە دەبێت، حاجیان پێویستیان بە گەشتی درێژتر و پاس و ئۆتۆمبێلی زیاتر و ئاو و کارەبای زیاتر دەبێت.

حەج یەکێکە لە پێنج پایەکەی ئیسلام و واجبە لەسەر هەموو موسڵمانان گەر توانای ئەوەیان هەیە لانیکەم جارێک لە ژیانیاندا ئەنجامی بدەن.

عەبدوڵا ئەبونۆمی، توێژەری سعودی و یەکێک لە نوسەرانی توێژینەوەکە، ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی سعودیە لە چوارچێوەی دیدگای 2030 دا داوای پاراستنی سامانە سروشتییەکان دەکەن، بەمەبەستی ڕاکێشانی حاجیان و گەشتیاران و کەسانی بازرگانی.

لە کاتی ڕێوڕەسمەکاندا زۆرجار حاجیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە دەرەوە بە پێ دەڕۆن و سەردەکەونە سەر گردێکی بیابان کە بە جەبەل رەحمە ناسراوە و دەوترێت پێغەمبەر دوایین وتاری تێدا پێشکەش کردووە.