گۆتێرێس رووسیا دەخاتە لیستی “شەرمەزاریی”ەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان دژ بە منداڵان
هەولێر – نۆرس پرێس
لە ڕاپۆرتەکەدا کە دوێنێ پێنجشەممە، بڵاوکرایەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندووە، ئەوەی “بە تایبەتی شۆک”ی کردووە، کوژران و کەمئەندامکردنی ژمارەیەکی زۆری منداڵانە، بەهۆی هێرشی هێزە چەکدارەکانی رووسیاوە بۆ سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان.
گوتیشی “بە تایبەتی نیگەران بووم” بەو جۆرە تاوانانە زۆرانەی کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیاوە دژ بە منداڵان ئەنجام دەدرێن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکۆنەی رووسیای کرد کە لە ساڵی 2022دا 136منداڵیان لە ئۆکرانیا کوشتووە، هەروەها هێزە چەکدارەکانی رووسیای بۆ لیستی جیهانی “شەرمەزاریی” لە ئەنجامدانی تاوان دژ بە منداڵاندا زیاد کردووە، بەگوێرەی راپۆرتێک کە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە، کە بەردەستی ئاژانسی جیهانی رۆیتەرز کەوتووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردووەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی رووسیا و گروپەکانی سەر بە رووسیا 518 منداڵیان کەمئەندام کردووە و 480 هێرشیان بۆ سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان ئەنجامداوە، هەروەها هێزەکانی رووسیا 91 منداڵیان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە.
راپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا 80 منداڵیان کوشتووە و 175 منداڵیشیان کەمئەندام کردووە و 212 هێرشیان بۆ سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا هێزەکانی کیێڤ لە “لیستی تاوانباران”دا دانەنراون.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٤٢ منداڵیان کوشتووە و ٩٣٣ی دیکەشیان بریندار کردووە.