ئێران هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق زیاد دەکات

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەحمەد موسا گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندوە، ئەو سەردانەی کە لە ماوەکانی رابردوودا، شاندی وەزارەتی کارەبا بۆ تاران ئەنجامی دا، بووە ھۆی ئەوەی کە ئێران ھەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق زیاد بکات و وتی: “لەئێستادا ئێران رۆژانە، 45 ملیۆن مەتر سێجا غاز، ھەناردەی عێراق دەکات”.

ئەحمەد موسا ئاماژەی بەوەیشداوە کە ئێران ئامادەیی خۆی نیشانداوە لەبارەی زیادکردنی ھەناردەکرنی غاز بۆ عێراق و وتی:”عێراق بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی غاز، رۆژانە پێویستی بە 55-60 ملیۆن مەتر سێجا غاز ھەیە، بەڵام ئێران رایگەیاندوە کە لەئێستادا دەتوانێت، تەنھا ٤٥ ملیۆن مەتر سێجا غاز لە رۆژێکدا ھەناردەی عێراق بکات”.

ناوبراو راشیگەیاندوە کە لەئێستادا، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق گەیشتوەتە، 20 ھەزار و 280 میگاوات.

عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانوی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق کەم دەکاتەوە یان رادەگرێت.

ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ سعودیە بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا واژوو کرد کە بەپێی یاداشتنامەکان، ھەردوو وڵات بە تۆڕی کارەبا دەبەسترێنەوە.

عێراق ھەوڵی ھەمەجۆڕکردنی سەرچاوەکانی ھاوردەکردنی کارەبا دەدات، دوای ئەوەی لە میانی ساڵانی رابردوودا، بۆ دابینکردنی کارەبا تەنھا پشتی بە ئێران بەستبوو.

بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق، بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان، ئەو وڵاتە پێویستی بە 30 ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.