مەسەدە داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەکات چارەسەرێکی سیاسی بۆ سوریا بدۆزنەوە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

 ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوای لە وڵاتانی عەرەبی و هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی لە سوریا بەگوێرەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەمینە عومەر، هاوسەرۆکی مەسەدە لە پەراوێزی سیمینارێک کە لە ژێر ناوی (ئاساییکردنی عەرەبی… بەرەو کوێ) لە وەڵامی پرسیارێکت نۆرس پرێس گوتی:” دەبێت چارەسەری پرسی سوریا بەگوێرەی بریارە نێودەوڵەتییەکان بێت”.

عومەر ئەوەشی خستەڕوو، کە مەسەدە داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەکات ڕێگەچارەیەکی سیاسی لە سووریا بدۆزنەوە، گوتیشی مەسەدە لەگەڵ هەر هەنگاوێکدایە کە رێخۆشکەربێت بۆ چارەسەری سیاسی بەگوێرەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها هیچ لارییەکیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و دیمەشق نییە بە تایبەتی ئەگەر ئەم ئاساییکردنەوە ببێتە هۆکاری چارەسەری سیاسی.

ئاماژەی بەوەشکرد، حاڵەتێکی سروشتییە سوریا بگەڕێتەوە نێو باوەشی عەرەبی، “ئێمە پشتگیری ئاساییکردنەوە دەکەین ئەگەر بۆ بەرژەوەندی گەلی سوریا بێت، نەک لەگەڵ رژێم و ئەو ناوچانەی کە کۆنترۆڵی دەکات و لە رووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەوە سوودی لێوەردەگرێت”.

لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو 20مین کۆبوونەوەی ئەستانە سەبارەت بە سوریا بە بەشداری جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، رووسیا، ئێران و تورکیا  بەڕێوەچوو.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئاستانە بەرپرسەکەی مەسەدە گوتی: “کۆبوونەوەکان هەمیشە سەبارەت بە قەیرانی سوریا بەڕێوەدەچن، لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە بەرژەوەندییەکانیان لە نێو قەیرانی سوریا هەیە، بەڵام ئەمە رێگری ناکات لەوەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و بەرێوبەرایەتی خۆسەر، هەمیشە دەستپێشخەری بیرۆکەی گفتوگۆی و دیالۆکی سوریی – سوریی بووە.

ئەمینە عومەر جەختیکردوە، کە دیالۆگ وگفتوگۆ باشترین رێگایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سوریی و لەیەک نزیککردنەوەی لایەنەکان.

هەروەها لە سیمپۆزیۆمەکەدا دەستێوەردان و بۆچوونی جۆراوجۆری بەشداربووان لەخۆگرتبوو لەسەر ئامانجەکانی ئاساییکردنەوە و کاردانەوەکانی، هەروەها ئەو هۆکارانەی کە وای لە وڵاتانی عەرەبی کرد لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق ئاسایی بکەنەوە، گەڕانەوە بۆ کۆمکاری عەرەبی، پرۆسەی سیاسی بەرەو پێش ببات و ئەو چارەسەرانەی کە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە پێشنیارکراون پەسەند بکەن.