دیمەشق – نۆرس پرێس
دادگای باڵای هەرێمی لە شاری کۆبلێنزی ئەڵمانیا، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە چالاکییە “تاوانکارییەکان”ی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”دا لە سوریا و عێراق و بە کۆیلەکردنی کچێکی ئێزیدی، سزای 9 ساڵ و 3 مانگ زیندانی بەسەر ژنێکی ئەڵمانیدا سەپاند.
بڕیاری زیندانی دژی “نادین ک”، ئەندامی 37 ساڵانی داعش، لە سێهەمین حوکمی لە جۆری خۆیدا هات لەڕووی ئەنجامدانی جینۆساید دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە عێراق و سوریا لە مانگی ئابی ساڵی 2014ەوە.
دادگای پلە یەک کە لە سێ دادوەر پێکهاتووە، دوێنێ چوارشەممە، دوای 30 رۆژ لە دادگاییکردن، بڕیاری زارەکی خۆی دەرکرد و بۆی دەرکەوت کە تۆمەتبار و هاوسەرەکەی لە کۆتایی ساڵی 2014 پەیوەندییان بە “داعش”ەوە کردووە، دوای ئەوەی گروپەکە هێرشیان کردە سەر ناوچەی شنگال لە هەرێمی کوردستان و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ بۆ پیاوان و ژنانی بەساڵاچووی ئێزیدی ئەنجامدا، هەروەها ژنانی گەنج و منداڵ بۆ کاری توندوتیژی سێکسی و رفاندن و بەکۆیلەکردن بەکارهێنران.
هاوسەری تۆمەتبارەکە لە عێراق و سوریا وەک پزیشک بۆ ئەو رێکخراوە توندڕەوە کاری کردبوو، لەوێ چارەسەری ئەندامانی داعشی دەکرد و لە ساڵی 2016دا “دیل”ێکی دەستدەکەوێت، کە ژنێکی تەمەن 21 ساڵانی ئێزیدییە و وەک کۆیلە “سەبییە” بۆ خۆی رایدەگرێت.
بۆ ماوەی سێ ساڵ، تا مانگی ئازاری 2019 و لە شوێنی جیاوازدا، ئەو ژن و مێردە کچێکیان بە ناوی “ن” وەک کۆیلە لە ماڵەکەی خۆیاندا گرتووە، لەوێ دەستدرێژی سێکسی و کاری زۆرەملێی لێکراوە.
تۆمەتبارەکە دەیزانی کە هاوسەرەکەی سووکایەتی بە “ن” دەکات و دەستدرێژی دەکاتە سەر، هەروەها رۆڵی هەبووە لە بەدیلگرتنی “ن”دا و بەو کارەش ئاسانکاری بۆ ئازاردانی قوربانییەکە کردووە، بەپێی دادگا.
ئەوە جێگیرکرا، کە تۆمەتبار لە ترسەوە مامەڵەی نەکردووە بەڵکو بۆ بەرەوپێشبردنی ئایدیۆلۆژیای “داعش” بووە کە مامەڵەی لەگەڵدا کردووە.
دوای رزگاربوونی، لە ئەنجامی هەڵمەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دژی “داعش”، ئەو کچە ئێزیدییە کە شایەتحاڵی سەرەکی دۆسیەکە بوو، لە عێراقەوە بۆ ئەڵمانیا گەشتێکی کرد بۆ ئەوەی لە دادگا رووبەڕووی تاوانبارەکە ببێتەوە.
ئەو وەک داواکارێک بەشداری لە دانیشتنەکاندا کردووە و پارێزەرە ئەڵمانییەکان، “سۆنکا مینەر و ناتالی ڤۆن وێستینگهاوزن”، هەروەها پارێزەری بەریتانی، “ئەمەل کلۆنی” نوێنەرایەتیان دەکرد.
قوربانییەکە، لە ماوەی 6 رۆژدا لە دادگا قسەی لێوەرگیراوە و لە رێگەی وەرگێڕێکەوە بە زمانی کوردی ئەو تاوانانەی گێڕاوەتەوە کە لە ماڵی تۆمەتباردا تووشی بووە.