هەولێر – نۆرس پرێس
بڕیارە رۆژی سێشەممە 9ی ئابی 2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هەڕەشەکانی داعش کۆببێتەوە.
بەگوێرەی ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، کۆبوونەوەی رۆژی 9ی ئاب بۆ تاوتوێکردنی راپۆرتی نیوەساڵی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هەڕەشەکانی داعش تەرخانکراوە. بڕیارە هەریەکە لە وی شەنگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی دژەتیرۆر و ڤلادیمیر ڤۆرۆنکۆڤ، بریکاری سکرتێری گشتیی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ناوەڕۆکی راپۆرتەکە بۆ 15 ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان باس بکەن.
وابڕیارە لە گرینگترین ئەو دۆسێیانەی لە کۆبوونەوەکەدا گەنگەژە بکرێن، مەسەلەی منداڵ و ماڵباتەکانی داعش لە یازدە کامپی رۆژئاوای کوردستان، کە ژمارەی منداڵەکان نزیکەی 30 هەزار منداڵە کە تەمەنیان لە ژێر 12 ساڵەوەیە و لە لایەن ژنانی داعشەوە وەک نەوەیەکی نوێی داعش پەروەردە دەکرێن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە ماوەی ساڵی 2021دا داعش پەرەی بە بەکارهێنانی درۆن داوە و داعش بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی ئاسایش باسی لەوەش کردووە، داعش کۆمپانیای سێبەر بەکاردەهێنێت بۆئەوەی درۆنی دژە رادار لە وڵاتانی ئاسیا، کەنەدا و ئەمریکا بکڕێت.
ئەنجوومەنی ئاسایش لە کۆتایی مانگی رابردوودا رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەبڕیاری 2253ی ساڵی 2015، ئەنجوومەنەکە پابەندیی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەی داعش دەردەبڕێت کە لەبەردەم ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا دەوەستێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش 15یەمین راپۆرتی سکرتێری گشتی لەوبارەیەوە دەخرێتەڕوو.