دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆن و تاران لەسەر پرسی ئەتۆم و سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ئەمریکا لە دانوستانی ناڕاستەوخۆی دوو قۆڵیدایە لەگەڵ ئێران بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بەبێ پەرەپێدانی چەک و کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و ئازادکرنی سێ زیندانی ئەمریکی کە لە زیندانەکانی ئێراندان.

لەگەڵ دابەزینی ئەگەرەکانی زیندووکردنەوەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کە ئیدارەی ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لێی کشایەوە، ئامانج لەم دانوستانانە کەمکردنەوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، گفتوگۆکانی ئێستا هەوڵێکە بۆ دانانی هێڵی سووری روونە، بۆ ئەو پرسانەی کە بەهۆیانەوە رەخنە لە ئێران دەگیران، وەک سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ناردنی چەک بۆ رووسیا بۆ بەکارهێنانی لە ئۆکرانیا.

ئەمەریکا دەڵێت، ئێران بەدوای بەدەستهێنانی فڕۆکە و چەکی رووسیدایە بە بەهای “ملیاران” دۆلار لە بەرامبەر ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ مۆسکۆ.

دانوستانەکان نێوان وشنتۆن و تاران، دوای چەند هەفتەیەک لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە 23 ئازاری ئەمساڵ، بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا هات، کە لە ئەنجامدا بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا، دواتر ئەمریکا بە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر چەند پێگەیەکی ئێرانی لە سوریا وەڵامی ئەو هێرشە دایەوە و ژمارەیەک چەکدارنی سەر بە ئێرانی کوژران.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەلێت: “دانوستانکارانی ئەمریکی هۆشدارییان دا لەوەی هێرشی زیاتر لە سوریا و بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاستی بەرز کە بە شێوەیەکی مەترسیدار لە ئاستی چەک نزیک بووەوە، دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەیەک – لەنێویاندا کردەوەی سەربازی – کە هیچ لایەنێک ئەم بژرادەیە ناوێت.”

لایەنی ئێرانی هەفتەیەک لەمەوبەر دانوستانی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا لە سوڵتانییەتی عومان ئاشكراکرد، هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل رەخنەیەکی زۆر ئاراستەی واشنتۆن بکات.

پێدەچێت ئەم گفتوگۆیانە بەشێک بن لە هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن بۆ بەکارهێنانی دیپلۆماسییەکی نەرم و ئاست بەرز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەی، لەکاتێدا کە هەژموونی چین و رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر حسابی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا زیاتر دەبێت.

هەروەها ئەم هەوڵانە بریتین لە زیادکردنی پەیوەندییەکان لەگەل سعودیە بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و پەلەکردنی یەکلاکردنەوەی شەڕی یەمەن.

رۆژنامەکە لە زاری دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپی کە لە سەرەتاوە بەشدارە لە دانوستان لەگەڵ ئێران و بڵاویکردوە، کە هاوبەشە ئەوروپییەکانی بایدن بە تەواوی دڵنیا نین لە تایبەتمەندییەکانی گفتوگۆکانی ئێستا، بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە “ڕوونە کە ئەوان ئاگادارن ئەگەر ئێران لە بەرنامەی ئەتۆمیەکەیدا بەم خێرای ئێستا هەیە بەردەوامبێتم ئەو قەیرانێکی گەورە لە ئارادەیە”.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، نوێنەرانی وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، کە بەشداربوون لە ڕێکەوتنێکی 2015، هەفتەی رابردوو لە ئیمارات لەگەڵ عەلی باقری کانی، سەرۆکی دانوستانکاری ئەتۆمی ئێران کۆبوونەتەوە.

بەرپرسەکانی ئەمریکی پێداگرن لەسەر ئەوەی کە لە بەرامبەر پێشکەوتن لە بەرەی ئەتۆمی و سوریادا، هیچ شتێکیان پێشکەش بە ئێران نەکردووە.

رۆژنامەی واشنتۆ بۆست بڵاویکردەوە، سەبارەت بە دانوستانەکانی سەر دەستگیرکراوانی ئەمریکی _ ئیرانی عیماد شەرقی، موراد تەهباز و سیاماک نەمازی، کە بە تۆمەتی سیخوڕی زیندانی کراون، پرسێکی دیکەیە و بەنێوەندگێری بەرپرسانی سویسرییەوە بەڕێوەدەچن.

ئەگەر هەیە ئەمریکا لە باشترین حاڵەتدا رێگە بدات سەروەت و سامانی بلۆکراوەی  ئێران بچێتە تاران، هەرچەندە لە رووی سیاسییەوە ئەم هەنگاوە مەترسیدارە.

ئازادکردنی ملیارەها دۆلاری بلۆکراوەی ئێرانی و ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکان و جێبەجێکردنی پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی کارکردن لە ساڵی 2016 ، بوونە هۆکاری رەخنەیەکی توندی لە ئیدارەی ئۆباما، کە کۆمارییەکان تۆمەتباریان کردووە بە رادەستکردنی “بڕێکی زۆری پارە” کە ئێران بۆ دابینکردنی مووچەی”تیرۆریستان” بەکاریدەهێنێت.