مشتومڕەکان لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق نوێ بوەتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

 دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی دوێنێیدا پرسی یاسای لێبوردنی گشتی و هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری وروژاند.

بەگوێرەی لێدوانەکانی خالد شوانی، وەزیری دادی عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردن و یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر پێکهێناوە، بڕیارەکەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە کۆتا دانیشتنی خۆیدا دوێنێ سێشەممە پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ هەموارکردنەوەی رەشنوسی یاساکە، دیبەیتی سیاسی لەسەری راگەیاند، کە دەشێت بگەڕێتەوە سەر بنەمای ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە پێش پێکهێنانی ئەم حکومەتە لەلایەن ئەو لایەنانەی کە هاوپەیمانییان پێکهێناوە واژۆکرا.

لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی کە ئەنجومەنی وەزیران، لە دانیشتنی خۆیدا پرسی یاسای لێبوردنی گشتی و هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر وروژاندوە.

ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم یاسایە کەمکردنەوە و سوککردنی سزاکانی تاوانباران لەخۆدەگرێت، هەروەها ئازادکردنیان بەتایبەتی ئەو تاوانبارانەی کە بەشداربون لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکاندا و دەستگیرکراون.

لای خۆیەوە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهل حەق لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هەوڵەکانی هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی رایگەیاند، هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی بۆ ئەوەی تیرۆریستانی بەدناو بگرێتەوە بێبایەخکردنی ژیانی ئەو بێتاوانانەیە کە لەدەستچون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەوڵانە ئامانجیان ئەوەیە ئاسایشی ناوخۆ بخەنە مەترسییەوە، جەختیشی لەوەکردەوە، کە پاڵنەرەکانی ئەو جۆرە هەوڵانە تەنها هەڵبژاردنن، بەڵام رێگە بەو هەوڵانە نادرێت، ئەوانەی کاری لەسەر دەکەن بێ هیوا دەبن.

هێزە سیاسییە سوننەکان کە بەرگریان لە دەرچواندی یاسای لێبوردنی گشتی کردووە رایانگەیاندبوو، یاسای لێبوردنی گشتی پێش پەسەندکردنی بودجە دەکرێتە یاسا، بەڵام ئەمە ڕووینەدا، پێش دەرکردنی یاساکە بودجە پەسەندکرا.