مەسرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کرد

هەولێر- نۆرس پرێس

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کۆبوەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کۆبوەوە و رایگەیاند، نابێت چیتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوابخرێت و بکرێتە قوربانی خواست و ئارەزوی هیچ هێز و لایەنێک بۆ دواخستنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی پێشوازی لە جینین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکانی لە عێراق کرد، تەوەرێکی سەرەکی کۆبونەوەکە تایبەت بو بە تاوتوێکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، هەردولا هاوڕابون لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زوترین کاتدا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، نابیت چیتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوابخرێت و بکریتە قوربانی خواست و ئارەزوی هیچ هیز و لایەنێک بۆ دواخستنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و دەستەبەرکردنی مافە دەستوری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.