هەڵکشانەکانی تورکیا لە رۆژئاڤا دەیەها قوربانی لێدەکەوێتەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بەشی بەدواداچوون و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، 45 قوربانی لە هەڵکشانەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاڤا تۆمارکردووە.

دوایین هەڵکشانی ناوچەکە لە 12ی حوزەیرانەوە دەستیپێکرد، بۆردومانەکانی دەوروبەری شارۆچکەی تل رەفعەت لە گوندەواری باکووری حەڵەبیان کردە ئامانج، هاوکات لەگەڵ فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئاسمانەکەیدا.

لەهەمان رۆژدا سەربازێکی رووسی کوژرا و سێی دیکەش برینداربوون، لەکاتێکدا درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی سەربازانی رووسی کردە ئامانج لەسەر رێگای نێوان گوندەکانی حەربەل – ئوم حۆش لە گوندەواری باکووری حەڵەب، دواتریش گوڕی تۆپبارانەکان زیادیانکرد لەسەر ناوچە جیاوازەکان لە رۆژئاڤا، هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی دانوستانە چوارقۆڵییەکانی ئەستانە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.

ژمارەی قوربانیانی بۆردوومانەکە لە دوایین پەرەسەندنی تورکیادا گەیشتە 45 کەس و لەو ژمارەیە 20 کەسیان شەهید و 25یش بریندار بوون.

نۆرس پرێس قوربانییەکانی بەم شێوەیە ئامارکردووە:

  • ·       14 هاووڵاتی سڤیل کە دوو ژنیان تێدابووە
  • ·       17 ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سوریا
  • ·       10 ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات
  • 4 ئەندامی هێزەکانی رووسیا

بۆردومانەکە لە دەستپێکردنیەوە 35 شوێنی کردۆتە ئامانج بە زیاتر لە 50 هێرش کە 8 لەو هێرشانە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە ئەنجامدراوون.

دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەری خۆسەری لە هەرێمی جزیرێ، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانی درۆنێکی تورکیاوە لە قامیشلۆی رۆژئاڤا، چەند بەرپرسێکیان گیانیان لەدەستداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “ئەو بەئامانجکردنە هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی خۆسەری بۆ دەستپێکردنی دادگاییکردنی سەرکردەکان و ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەم دادگاییکردنەش، تورکیا وەک سپۆنسەری تیرۆر، بەدڵی نییە، بۆ ئەوەی ئەو ڕاستی و دەستە شاراوانەیە کە لە پشت رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە وەستاون دەرنەکەون، لە رووی پشتیوانی و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی پارێزراو بۆی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش