بەڕێوبەری خۆسەری: بۆردوومانەکانی تورکیا لە پاش بڕیاری دادگاییکردنی ئەندامانی داعشەوە دەستیانپێکرد
قامشلۆ– نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، بەرپرسێکی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هەڵکشان و بۆردوومانەکانی ئەم دواییەی تورکیا دژ بە ناوچەکانیان بۆ رێگریکردنە لە دادگاییکردنی ئەو بیانیانەی کە ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ن.
بە گوێرەی راگەێنراوێکی خۆسەری، دوێنێ سێشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی بەرپرسانی بەڕێوبەری خۆسەری کردە ئامانج و “یوسرا دەروێش”، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامشلۆ و”لیمان شوێش”ی جێگری و “فورات توما”ی شۆفێرەکەیان شەهید کران، هاوکات هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکە، “کابی شەمعون”، بریندار بوو.
“تەڵعەت یونس”، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەری خۆسەری دەڤەری جزیرێ، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “هەڵکشانی تورکیا پاڵپشتی شانەکانی داعش دەکات و هەوڵدەدات جارێکی دیکە (داعش) زیندوو بکاتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەڕێوبەری خۆسەری دەستپێکردنی دادگاییکردنیانی راگەیاند”.
لە 10ی حوزەیراندا، بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بڕیاریدا بە پێی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی پەیوەست بە “تیرۆر”، دادگاییکردنی ئەو بیانیانە دەست پێبکەن کە سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ن و لە لایان دەستبەسەرن.
ژمارەی ئەوانەی کە لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستانەوە دەستبەسەرکراون نزیکەی 10 هەزار ئەندامی داعشن، ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار لە ئەندامانی خێزانەکانیشیان لای ئەوان دەستبەسەرن، کە زۆربەیان منداڵ و ژنانن و لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستاندا دەژین.
ئەو بەرپرسە لە بەڕێوبەری خۆسەری پێی وایە کە ئامانجی پەرەسەندنە سەربازییەکانی تورکیا “لێدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکانیان”ە.
“یونس” پێی وابوو کە بە ئامانجگرتنی کارمەندانیان لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیان لە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ دانیشتووان “درێژەی رێبازی سیاسەتی تیرۆرە.”
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزەکانی گەرەنتیکار بەتایبەتی رووسیا و ئەمریکا و حکومەتی دیمەشق کرد هەڵوێستی “رێگری” لە دژی “تیرۆری داگیرکەری تورکیا” لەسەر ناوچەکانیان بگرنەبەر.