وەزيرى خوێندنى باڵا: بۆ گەشەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی هیوادارین بتوانین سود لە ئەزمونى زانکۆکانى ئەڵمانیا وەربگرین

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بۆ فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و هەروەها تۆمارکردنى هەرێمى کوردستان بە فەرمى لەناوچەى خوێندنى باڵاى ئەوروپا، هەماهەنگى لەگەڵ زانکۆکانى وڵاتى ئەڵمانیاو دامەزراوەى داد دەکات.

ئەم جەختکردنەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەمیانى وتەیەکى د. ئارام محمد قادر هات کە ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانى پێشوازی کردنى لە (کلاوس ستریچەر) کونسوڵی گشتی کۆمارى ئەڵمانیای فیدڕاڵ لە هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا کە ڕاوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، کونسوڵى گشتى ئەڵمانیا وێڕاى ستایشى هەماهەنگى و دڵسۆزى گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبارەى پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان، هەروەها پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و هاوکارى خۆی بۆ سیستمى خوێندن و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانى کوردستان دوپاتکردەوەو کورتەیەکیشى لەبارەى گۆڕانکارییەکانى سیستمى خوێندن و فێربون لە وڵاتى ئەڵمانیا خستەڕوو.

لەبەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ پێویستی هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كانی حكومه‌ت و گه‌لی ئەڵمانیا بۆ هه‌رێمی كوردستان كردو ڕایگەیاند: پەیوەندیمان لەگەڵ زانکۆکانى وڵاتى ئەڵمانیا بەهێزەو تا ئێستا نزیکەى (40) یاداشتنامەى لێکگەیشتن لەنێوان زانکۆکانى کوردستان لەگەڵ زانکۆکانى ئەڵمانیا ئیمزاکراوەو نزیکەى (200) خوێندکارو قوتابى هەرێمى کوردستان لە پرۆژەى تواناسازى لە زانکۆکانى ئەڵمانیا خوێندنیان تەواو کردوە، ئەمە جگە لە بەردەوامى ئاڵوگۆڕى زانستى و ستافى خوێندکاران و مامۆستایان. بۆیەش وەزیرى خوێندنى باڵا وتى، بە گەشبینییەوە لەم پەیوەندیانە دەڕوانین و زانکۆکان و سیستمى خوێندنى ئەو وڵاتە بۆ ئێمە جێگەى بایەخ و پشت پێ بەستنە لە پرۆسەى خوێندندا.

لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر، دوپاتیکردەوە لە ئێستادا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دامەزراوەى  DAADى ئەڵمانى زۆر باشە، بۆ ئەم مەبەستە بۆ هەردوو ستراتیژى تۆمارکردنى هەرێمى کوردستان بە فەرمى لەناوچەى خوێندنى باڵاى ئەوروپا و سود وەرگرتن لە ئەزمون و سیستمى خوێندنى ئەڵمانیا بۆ داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی بەئاراستەی فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ هاوکارى سەرەکیمان دەبن.

لەکۆتایى دیدارەکەدا کونسوڵى گشتى ئەڵمانیا، ویرای جەختکردنەوەی لە بانگهیشت و سەردانی شاندێک بەسەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ سەردانی زانکۆکانی ئەڵمانیاو دامەزراوەی (DAAD) ی ئەڵمانی و پشتیوانى بۆ ستراتیژ و پلانى کارکردنى وەزارەت و ڕیفۆرم لە پرۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان، بەڵێنیشی دا هاوکارى وەزارەت بێت لەسەرخستنی پرۆژەی ریفۆرمی وەزارەت و بەپرۆژەی گرنگ و چارەنوسساز وەسفی کردن.