هەولێر- نۆرس پرێس
زیاتر لە 40 ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی عەلی دەروێشی، خەڵکی مەهاباد و کوڕەکەی، مەنسوور دەروێشی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە تێدەپەڕێت و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدانییە.
بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەلی دەروێشی، تەمەن 52 ساڵ و کوڕەکەی مەنسوور دەروێشی، تەمەن 30 ساڵ، نزیکە بە 40 ڕۆژ پێش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون و چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.
عەلی دەروێشی باوکی سێ منداڵ و مەنسوور دەریشی باوکی کۆرپەیەکی شەش مانگانە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەلی دەروێشی لە ماڵەکەیدا لە گەڕەکی باغ شایگانی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا. یەک کاتژمێر دواتر هەر ئەو هێزانە، مەنسوور دەروێشییان، لە شوێنی کارەکەی خۆی لە شاری مەهاباد دەستبەسەرکرد.
زیاتر لە 40 ڕۆژە، کە ئەم باوک و کوڕە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباددا ڕاگیراون و هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە لەبەردەستدانییە.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە، عەلی دەروێشی و مەنسوور دەروێشی لەکاتی دەستبەسەرکرانییانەوە لە مافە سەرەتایییەکانی هەر بەندکراوێک وەک مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار لەگەڵ بنەماڵە بێبەشکراون.
لەلایەکی ترەوە،سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو بە ناوی عەلی برار کازمی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، بە ناوی “عەلی برار کازمی” لە زیندانی عادڵاوا لە شاری شیراز جێبەجێ کرا.
بەپێی زانیارییەکان، عەلی برار کازمی، سێ ساڵ لەمەوبەر لە شاری شیراز بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە. شایانی باسە کە ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە کوردە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە ڕاگەیاندنە حکومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەتی ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو نەکراوەتەوە.
لە لایەکی تریشەوە مەهدی سادقی، خەڵکی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر کرابوو، دوای تێپەڕاندنی سزای 6 مانگ بەندکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام ئازاد کرا.
بەپێی سەرچاوەکان، ڕۆژی دووشەممە، مەهدی سادقی، تەمەن 25 ساڵ و خەڵکی گوندی “شوهان”ی سەر بە شاری مەلەکشایی لە پارێزگای ئیلام، پاش تێپەڕاندنی ماوەی 6 مانگ بەندکردن ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کرا.
مەهدی سادقی پێشتر لەلایەن لقی 103ی دادگای تاوانەکانی ئیلام بە تۆمەتی “هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی بەهۆی ئاژاوەگێڕی و دروستکردنی قەرەباڵی”، بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەستبەسەربوونی پێش لە دادگاییکردنەکەی، سزای 6 مانگ بەندکردن و لێدانی 74 قامچی و هەروەها 2 ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی لە ئێرانی بەسەردا سەپا.
ئەم لاوە کوردە ڕۆژی چوارشەممە، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری ئیلام لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لە ڕۆژی چوارشەممەی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
شایانی باسە کە مەهدی سادقی هەم لە کاتی دەستبەسەربوون و هەم لە کاتی دادگاییکردنیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.