جەندرمەی تورکیا دەستدرێژی دەکاتە سەر کۆچبەرانی سوریا لە کاتی هەوڵدانیاندا بۆ پەڕینەوە
عەفرین – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی پاسەوانی سنوور “جەندرمە”ی تورکیا، لەکاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری نێوان سوریا و تورکیا لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو لە رۆژئاوای کوردستان، هێرشیان کردە سەر چەند کۆچبەرێکی سوریا.
سەرچاوە خۆجێیەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، هێزەکانی “جەندرمە” لە کاتی هەوڵدانی کۆچبەرانی سوریادا بۆ تێپەڕاندنی سنووری سوریا و تورکیا لە نزیک گوندی “ئەلحەمام” لە رۆژئاوای شارۆچکەی جندرێس، لە گوندەواری عەفرین، هێرشیان کردووەتە سەر هەشت کەس کە دووانیان ژنن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، بە تێڵای ئاسنین بە توندی لە گەنجەکانیان داوە، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی زۆرێک لە کۆچبەرەکان، هەروەها بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەریان کردوون و دواتر رادەستی “شورتەی عەسکەری”ی سەر بە “جەیش وەتەنی” دڵاۆزی تورکیا کراون لە عەفرین.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، “شورتەی عەسکەری” لە بەرامبەر ئازادکردنیاندا، داوای بڕی هەزار لیرەی تورکی (380 هەزار لیرەی سوری) یان کردووە.