عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان مەترسییەکانی کامپی هۆل لە نیۆرک تاوتوێدەکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

حکوومەتی عێراق گرنگیدان بە دۆسیەی “کامپی هۆل”ی چڕتر کردووەتەوە و بە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراقی دەزانێت، هاوکات نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە وڵاتان کرد، کە هاووڵاتیانیان لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە بگەڕێننەوە.

ئەمەش دوێنێ دووشەممە، لە میانەی کارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی سەرکردەکانی دەزگاکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هات لە نیویۆرک، کە تێیدا پرسگەلێک وروژێنران جگە لە دۆسیە جیهانییەکان کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتان هەیە، پرسی توندڕەوی و تیرۆر، کە لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ەوە نوێنەرایەتی دەکرێت و هەروەها دۆسیەی کامپی هۆل لە رۆژئاڤا.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی گرنگی بە کامپی هۆل دەدات و ئاماژەی بەوەدا کە 13 کیلۆمەتر لە خاکی عێراقەوە دوورە و زیاتر لە 50 هەزار هاوڵاتی عێراقی و سوریای و نەتەوە بیانییەکانی دیکەی تێدایە ، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

ئەعرەجی بۆچوونی عێراقی نوێکردەوە کە ئەو کامپە “مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و ناوچەکە، چونکە ژینگەیەکی پشێوی کۆمەڵایەتییە و توندوتیژی و تاوان و توندڕەوی تێیدا زاڵن”، وەک خۆی دەڵێت.

لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سەرەڕای “شکستی داعش لە رووی لەدەستدانی خاکەوە” زیاتر لە چوار ساڵ لەمەوبەر، هێشتا زیاتر لە 50 هەزار منداڵ و ژن و پیاو لە کامپی هۆل و کامپەکانی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی سەختتدان لە رووی بارودۆخی ئەمنی و مرۆییەوە.

گۆتێرێس ستایشی عێراق و وڵاتانی ئەندامی دیکەی کرد کە کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییان لە کامپەکان، هەروەها بانگەوازی خۆی بۆ هەموو وڵاتانی ئەندام دووپاتکردەوە بۆ خێراکردنی گەڕانەوەی هاووڵاتیانیان وەک کارێکی لەپێشینە و بەپەلە.

سەبارەت بە خێزانە عێراقییەکان لە کامپی هۆل، ئەعرەجی ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا حکومەتی عێراق 10 گەشتی گێڕانەوەی ئەنجامداوە، کۆی گشتیی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە گەیشتووەتە 1393 کەس، کە دەکاتە 5569 کەس، لەو ژمارەیەش 840 خێزان ریکارەکانی ئامادەکردنەوە و گێڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا بۆ کراوە و  لە 7 پارێزگاری  عێراقدا نیشتەجێکراونەتەوە.

ئەعرەجی داوای لە وڵاتانی جیهان کرد کە هاووڵاتییانی خۆیان لە کامپی هۆلی سوریا بکشێننەوە، بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی و داخستنی کامپەکە بۆ هەمیشەیی.

عێراق زیاتر لە سێ هەزار ئەندامی “داعش”ی عێراقی وەرگرتووەتەوە، کە لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستاندا بوون و گواستراونەتەوە بۆ وڵاتەکە تا بخرێنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری عێراق.

ئامادەکردن وداڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر