ئەستانە 20.. هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، هیوای وڵاتەکەی بۆ پێشکەوتن لە کارکردن لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دەربڕی، کە ئەمڕۆ لەسەر مێزی دانوستانەکانی “ئەستانە 20” لە پایتەختی کازاخستان ئەنجامدەدرێت.

جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، تورکیا، سوریا و ئێران لە ئەستانە نەخشەڕێگایەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکەن، لایەنی رووسیاش بە نوێنەرایەتی دوو نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی رووسیا، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ و میخائیل بۆگدانۆڤ رۆڵی نێوەدگیری لە دانوستانەکاندا دەگێڕێت.

بۆگدانۆڤ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، بەرلە دەستپێکردنی خولی بیستەمی دانوستانەکانی “ئەستانە”، گوتی “رووسیا هەوڵ بۆ کاری بنیاتنەرانە دەنێت لەو دانیشتنەدا”.

گوتیشی، “بۆ یەکەمجار لێرە بەشێوەیەکی هاوتەریب دانیشتنەکە رێکدەخرێت، کە کۆبوونەوەی هەرچوار وڵاتی (تورکیا، سوریا، رووسیا و ئێران)ە، لەسەر ئاستی بریکاری وەزیرانی دەرەوە، لەو کۆبوونەوەشدا کار لەسەر پرسەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە دەکرێت.”

بۆگدانۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە “پرۆسەیەکی گرنگ کە دەبێت لەسەر بنەمای رێککەوتن بێت، رێزگرتنی یەکترە بۆ یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی و سەروەری”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کۆبوونەوەی کە وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، سوریا، تورکیا و ئێرانی لە مۆسکۆ کۆکردەوە، لە دەیەی مانگی ئایاری رابردوودا، “راسپێردراین کە نەخشەڕێگایەک بۆ پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا ئامادەبکەین.”

جگە لەوەش، وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان رایگەیاند، دانوستانەکان لە رۆژانی 20 و 21ی حوزەیران بەڕێوەدەچن و ئاماژەی بەوەدا کە جگە لە شاندە بەشداربووەکانی رووسیا، تورکیا، ئێران و سوریا، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئوردن، لوبنان و وا بڕیارە عێراق وەک چاودێر ئامادەبێت.

ئامادەکردن وداڕشتنەوەی: مالین محەمەد