لەڕێگەی پرۆژەیەکەوە، رێگری لەدروستکردنی لافاو لە هەولێر دەکرێت

هەولێر-نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دوشەممە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی هەردوو شەقامی 30 مەتری و شەقامی 60 مەتری شاری هەولێر کۆتاییهات و بەتەواوبونی ئەم پرۆژەیەش گرفتی کۆبونەوەی ئاوی باران و لافاو لەو ناوچانە نامێنێت.

پارێزگای هەولێر لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتی کۆبونەوەی ئاوی باران و ئەگەری دروستبونی لافاو لە شاری هەولێر، کە ساڵانێکە لە وەرزی زستان و بەهۆی گرفتی ئاوەڕۆوە لە سەر شەقامی 30 مەتری و لە نزیک شەقامی 60 مەتری ئاوێکی زۆر کۆدەبوەوە وگرفتی بۆ سیستەمی هاتوچۆ و هاوڵاتییان دروست دەکرد، بەبڕی نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار دەستکرا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی بە درێژایی هەزار و 200 مەتر لە سەر شەقامی 30 مەتری نزیک باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو شەقامی 60 مەتری نزیک سایلۆ.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند ڕۆژی رابردودا دوایین قۆناغی پرۆژەکە و قۆناغەکانی قیرتاوکردن بەدرێژایی هەزار و 200 مەتر کۆتاییهات.

بە تەواوبوی ئەو پڕۆژەیە، گرفتی کۆبونەوەی ئاوی باران نامێنێت و فشاریش لەسەر تۆڕەکانی ئاوەڕۆی سنورەکە چارەسەر دەکات، هاوکات سیستەمی ئاوەڕۆی سەنتەری شاری هەولێر لەم زۆنەدا بەرەوپێشچونی زۆر باش بەخۆیەوە دەبینێت و گرفتی کۆبونەوەی ئاوی باران لەو سنورە چارەسەر دەکات.