دیمهشق – نۆرس پرێس
یاساناسێکی سوریی لە دیمەشق بە نۆرس پرێس راگەیاند، بەپێی یاسای تایبەت بە فەرمانبەرانی حکومەتی سوریا، داواکاری دەستلەکارکێشانەوە، پێویستی بە هیچ مەرجێک نییە، بەڵام دەبێت هۆکاری پێویست هەبێت تاوەکو پاساوێک بۆ دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەروەردەی سوریا لە بریاری رێگریکردن لە دەستلەکارکێشانەوە یاسای فەرمانبەران پێشێلکردووە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر وەزارەتی پەروەردە لە سوریا بریارێکی قەدەغەکردنی دەستلەکارکێشانەوەی مامۆستایانی پلە یەک بڵاوکردەوە، ئەمەش مشتومرێکی زۆری لەنێو کەرتی پەروەردەدا لەسەر ئەم بریارە دروستکرد.
ژمارەیەک لە مامۆستایان رەخنەیان لەم رێکارە گرتووە و هۆشداریشیان داوە کە رێگری لە گەشەی پیشەیی و پەرەپێدانی پیشەییان دەکات، بەڵام لە بەرامبەردا هەندێکی دیکەش بە پێویستی دەزانن بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەردەوامی لە کەرتی پەروەردەدا.
ئەو پارێزەرە سورییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەم رێکارە لەگەڵ برگەی (ب)ی مادەی (133)ی یاسای کرێکاراندا ناگونجێت کە تایبەتە بە مافی فەرمانبەران بۆ پێشکەشکردنی داواکاری دەستلەکارکێشانەوە”.
گوتیشی، “هەموو فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە کە مافی دەستلەکارکێشانەوەیان لێ زەوتکراوە، پێویستە بچنە دادگای کارگێری بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانیان، بەو پێیەی روونە ئەم فەرمانە پێچەوانەی یاسا و رێساکانە”.
ئاماژەی بەوەشدا کە “پێویستە فەرمانبەران وریا بن و بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت یان بیانوویەک لە کارکردن دانەبردن، چونکە لەوانەیە رێکاری یاسایی توندی بەرامبەریان وەربگیرێت کە ببێتە هۆی لەدەستدانی کار و سزای سزایی”.
یاسا ناسەکەی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە ” مافی دەستلەکارکێشانەوە مافێکی دەستووری مسۆگەرکراوە و پێشێلکردنی دروست نییە، هەروەها هەر فەرمانبەرێک یا کەسێکی ناو کەرتی پەروەردە بیەوێت دەست لەکار بکێشێتەوە، دەبێت بچێتە دەسەڵاتی دادوەری کارگێری بۆ ئەوەی بتوانێت کێشەی نێوان خۆی و ئیدارەکەی چارەسەر بکەن”.