بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش هەولێر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، دوای بەدواداچوون و چاودێریکردنی وورد، هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابوری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و سەرکەوتوودا، توانیان (3) تۆمەتباری سەرەکی باندێکی دروستکردنی دۆلاری ئەمەریکی و دیناری عێراقی ساختە لە هەولێر دەستگیر بکەن.

ئاسایشی هەولێر ئاشکرایکرد، دەست بە سەر پارە ساختەکراوەکان و گشت کەل و پەلەکانی ساختەکردنی دراو و دوو قالبی زێڕی ساختە و پارچەیەکی شوێنەواردا گیراوە.

بەپێی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، پەڕاوی لێکۆلینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادگا دەکرێن.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، هاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە هێزەکانمان چاوکراوەن بۆ پاراستنی سەر و ماڵیان.