بەڕێوبەری خۆسەری تا ئێستا 57 هەزار تۆن گەنمی لە جوتیارانی کۆبانێ وەرگرتووە

کۆبانێ – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، بەرپرسێکی کۆمپانیای گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی سەر بە بەرێوبەری خۆسەری لە کۆبانێ رایگەیاند، کۆمپانیاکە زیاتر لە 57 هەزار تۆن لە بەرهەمی گەنمی جوتیارانی وەرگرتووە لەو کاتەوەی ناوەندەکان دەستیان بە وەرگرتنی بەرهەمەکان کردووە.

کۆمپانیای گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی لە هەردوو سایلۆی (رۆڤی و جەلەبییە) لە گوندەواری کۆبانێ، لە 25ی مانگی ئایاری رابردووەوە دەستی بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنم کردووە.

گۆلستان شێخ ئەحمەد، هاوسەرۆکی کۆمپانیای گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کۆمپانیاکە بڕی 33 هەزار تۆن گەنمی جۆری “دەکمە” لە سێ سایلۆی هەرێمی فورات (رۆڤی، جەلەبییە و سیرین) وەرگرتووە، کە هەموویان دەکەونە باشووری شارەکەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی سایلۆکان پڕبوون، لە 4ی حوزەیران دەستیانکردووە بە وەرگرتنی گەنمی جۆری “مەشوول”، لە سایلۆکانی “رۆڤی”، لە 11ی ئەم مانگەدا لە سایلۆکانی “جەلەبییە و سیرین”، کە  گەنمی جۆری “مەشوول”  بە شێوەیەکی سەقفی کراوە لە ناوەندەکانی تەنیشت سێ سایلۆکەدا هەڵدەگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیاکە بەردەوامە لە وەرگرتنی گەنمی جۆری “مەشوول”  لە هەر سێ ناوەندەکەدا، رۆژانە لە هەر ناوەندێکیاندا نزیکەی 50 کامیۆن گەنم وەردەگیرێت.

هەرێمی فورات ساڵانەی پێویستی بە نزیکەی 60 هەزار تۆن بەرهەمی گەنمە، بۆ ئاردی و تۆو.

“گۆلستان” ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکە کێشەی تەکنیکییەکانی سایلۆکانی چارەسەرکردووە بەمەبەستی زیادکردنی بری وەرگرتنی رۆژانە، بەتایبەتی کە گەنمی ئەمساڵ پڕ بەرهەم بووە.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان