دەیەها کوژراو و بریندار.. لە شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزەکانی ئیسرائیل و فەلەستین لە کەناراوی رۆژئاوا
کۆبانێ – نۆرس پرێس
لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی توندوتیژی فەلەستینییەکان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل، لانیکەم شەش سەربازی ئیسرائیل بریندار بوون و سێ فەلەستینی کوژران و نزیکەی 30 دیکەشیان بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە “جنین” شەڕ و پێکدادان سەریهەڵدا، کە هێرشی هێلیکۆپتەر و پەلاماری سەربازی تێکەوت.
“سەرایا ئەلقودسی” سەر بە بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین رایگەیاند: چەکدارێکیان لە کەتیبەی “جنین” لە چەند خاڵێکی ئەو شارە لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیلدا تێکهەڵچوون.
لە راگەێنراوەکەیاند ئاماژەیان بەوەکردووە، کە چەند بۆمبێکی چێنراویان بە هێزەکانی ئیسرائیلدا تەقاندووەتەوە.
زانیارییەکان دەڵێن، شەش سەربازی ئیسرائیلی لە کاتی شەڕ و پێکداداندا لەگەڵ فەلەستینییەکان لە “جنین” بریندار بوون.
بەپێی دوایین نوێکاری وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، سێ کەس گیانیان لەدەست داوە کە یەکێکیان منداڵێکە و نزیکەی 30 کەسیش بە پلەکانی سەخت و مامناوەند و سووک، بریندارن.
لە پەرەسەندنێکی سەرنجڕاکێشی رووداوەکاندا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2002ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر کەناراوی رۆژئاوا دەستپێکردووەتەوە.
ماڵپەڕە هەواڵییەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە کە “هێزەکانی ئیسرائیل کەوتوونەتە بۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراو کە پێکهاتووە لە بۆمبی چێنراو و تەقەکردن، دواتر ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن دەستیپێکردووە کە تەقەی قورسی لەخۆگرتبوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر بریندار لە لایەنی فەلەستینییەوە کەوتوونەتەوە”.
سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، کە هێشتا شەڕ و پێکدادانەکان لە “جنین” بەردەوامن، هەروەها هێزی زیاتریان هێناوەتە نێو خاکی ئیسرائیلەوە.