بەهۆی سوریاوە.. یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کۆمکاری عەرەبی دواخست
کۆبانێ – نۆرس پرێس
نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش، جۆزێپ بۆرێل، دواخستنی کۆبوونەوەی عەرەبی و ئەوروپی لە پاشخانی گەڕانەوەی دیمەشقدا بۆ کۆمکاری عەرەبی راگەیاند، قاهیرە ئەمە بە “مایەی داخ” ناوزەد دەکات.
بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا شەشەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی عەرەبی و ئەوروپی بەڕێوەبچێت، بەڵام دوای ئەوەی بۆرێل دواخستنی کۆبوونەوەکەی راگەیاند، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا کە لەگەڵ ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە پایتەختی میسر، لە قاهیرە ئەنجامدرا، گوتی: “کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی هاوبەشێکی گرنگە بۆ یەکێتی ئەوروپا، لەماوەی ساڵانی رابردووشدا هاوکاریمان کردووە لە زۆر بابەتی گرنگی وەک تیرۆر، مافی مرۆڤ و پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”.
بەڵام جگە لەوەش ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی وەرگرتنەوەی دیمەشق و گەڕانەوەی بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی، کۆبوونەوەکە دواخراوە.
پێش ئەوەش بۆرێل لە بلۆگێکدا کە دوێنێ ماڵپەڕی یەکێتیی ئەورووپا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، “ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی دیمەشق بەبێ ئەوەی پێشکەوتنی بەرجەستە لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش، بژاردەیەک نییە بۆ یەکێتی ئەوروپا، وەک چۆن بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کار لەگەڵ هاوبەشە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانمان بکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانمان”.
ئەو بەرپرسە باڵای ئەوروپا ئاشکرای کرد کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دڵنیایی لە سەرکردە عەرەبییەکان وەرگرتووە کە قسەی لەگەڵ کردوون، سەرەڕای جیاوازی بۆچوون و بەرنامەکان، ئامانجێکی هاوبەش هەیە بۆ جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرکردن بە پێی بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بۆرێل خواستی خۆی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ گروپی دەستپێشخەری عەممان سەبارەت بە سوریا، بۆ کۆکردنەوەی فشارەکانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی هاوبیری و باوەڕهێنان بە وڵاتانی عەرەبی “بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانمان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بۆ یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام، مەرجەکانی ئاساییبوونەوە لەگەڵ رژێمی سوریا دوور مەودا و نابەردەستن”.
بۆرێل دوێنێ جارێکی دیکە ناوەڕۆکی گفتوگۆکەی لەگەڵ ئەبولغەیس نوێکردەوە و گوتی: وەرگرتنەوەی دیمەشق لە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی بڕیارێکی سەروەرییە، ئێمەش بە تەواوی رێزی لێدەگرین، بەڵام ئەوەش دەبینین کە ئەم هەنگاوە لەکاتێکدا روویداوە کە دیمەشق هیچ هەوڵێکی ماناداری نەناوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە سوریا”.
دوایین کۆبوونەوەی وەزیرانی عەرەبی و ئەوروپا لە مانگی شوباتی ساڵی 2019دا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا سازدرا.
وەزارەتی دەرەوەی میسر بەخێرایی لێدوانی لەسەر هەڵوێستی ئەوروپا دا، سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر له میانه ی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل دووپاتی کردەوە کە هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی نێران یەکێتیی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی بههۆی وەرگرتنەوەی کورسییەکەی لە کۆمکارەکە، “بڕیارێکە جێگای داخە”.