تەندروستی جیهانی ئاماژه به هوكارهكانی بڵاوبوونهوهی نهخوشیه گواستراوهكان له سوودان دهدات
هەولێر-نۆرس پرێس
رێکخراوی تەندروستی جیهانی باس لە دۆخی سوودان دەکات، کە بەپێی راگەیەندراوێکی رێکخراوەکە، پێویستیان بە پشتگیری دارایی بەپەلە هەیە، کە بە 145 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
رێکخراوەکە بانگەوازێکی نوێی بۆ دابینکردنی بودجە بڵاوکردەوە، کە هەوڵدەدات ئەم بڕە پارەیە کۆبکاتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی توندوتیژی لە سودان زیانیان بەرکەوتووە و یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵدێن، بەدوای سەلامەتی و ئاسایشدا دەگەڕێن.
ئەحمەد ئەلمەنزەری، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ هەرێمی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، قەیرانی تەندروستی لە سودان بێ وێنەیە، بۆیە پێویستمان بە پاڵپشتی بەپەلە هەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە وێرانکەرەکان لەسەر سیستەمی چاودێری تەندروستی لە سوودان، و هەروەها پاراستنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
گوتیشی: رێکخراوەکە ئامانجی رزگارکردنی ژیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا کە بۆ 7.6 ملیۆن کەس لە ناوخۆی سودان دابین بکات، هەروەها زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کە ناچاربوون بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵبێن بەپەلە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان بگاتە دەست.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکە، شەڕی دوو مانگەی سودان بووەتە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوون ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە خەڵکی، هەروەها زیانێکی بەرچاو بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیشتووە، لەوانەش دامەزراوە تەندروستییەکان، رێکخراوەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، کە لەو ماوەیەدا 46 هێرش بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان ئەنجام دراون، هەروەها پێداویستییە پزیشکییەکان زۆر کەمبوونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە کارمەندانی تەندروستی هەڵاتوون.
جگە لەوەش، پێشکەشکردنی چەندین خزمەتگوزاریی گرنگ، وەک چاودێری تەندروستی بۆ دایکان و منداڵەکان و چارەسەرکردنی نەخۆشانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان راگیراوە، پێشبینیش دەکرێت کە زیاتر لە 100 هەزار منداڵ تووشی بەدخۆراکی سەخت ببنەوە.