تووشبوون بە ڤایرۆسی وێست نیل لە چەند ویلایەتێکی ئەمریکا سەری هەڵدایەوە

هەولێ – نۆرس پرێس

بەرپرسانی تەندروستی لە ئەمریکا، تۆمارکردنی تووشبوونی نوێیان بە ڤایرۆسی “وێست نیل” راگەیاند، دوای پشتڕاستکردنەوەی پشکنینە تاقیگەییەکان.

وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی ویلایەتی ئایۆوا رایگەیاند، رۆژی شەممە، یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی وێست نیل، لە کەسێکی پێگەیشتوودا تۆمارکراوە.

ئەو ڤایرۆسە بە زۆری لەرێگەی مێشولەوە و لەكاتی گەستنی پێستیدا مرۆڤ توشدەكات، نەخۆشییەكی دەمارییە و لە هەندێك حاڵەتدا بكوژە و بەگوێرەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەسەدا 80ی توشبووانی ڤایرۆسەكە نیشانەكانیان تێدا دەرناكەوێت.

دەسەڵاتدارانی تەندروستی رایانگەیاندووە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خەڵکی  ویلایەتی ئایۆوا کاتێکی زیاتر لە دەرەوە بەسەر دەبەن، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر تووشی پێوەدانی مێشوولە ببن.

ئەگەر مێشوولە هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت ئەوا ڕاستەوخۆ هەوکردنەکە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ. لە هەفتەی یەکەمی مانگی حوزەیران، بەرپرسانی تەندروستی لە ویلایەتی نەبراسکا دەستنیشانکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی وێست نیلیان راگەیاند، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مەرج نییە کەسی تووشبوو لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت.