هەولێر- نۆرس پرێس
سێ کۆڵبەر لە ناوچە سنورییەکانی نەوسود بەتەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەت بەسەختی برینداربون، ناسنامەیی دوو کەسیان بەناوەکانی سەبور سەیدی، خەڵکی جوانڕۆ و فەرزاد ئیمامی، خەڵکی پاوە ئاشکرابوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، شەوی رابردو لە نزیک گوندی “دزاوەر” سەر بە شاری نەوسود، سەبور سەیدی، دانیشتوی گوندی “کڵاش” سەر بە جوانڕۆ و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ، کەوتنە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسەختی برینداربون.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیران، قاچی ئەو دوو کۆڵبەرە پێکراوە و دۆخی تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە.
16ی ئەم مانگە، فەرزاد ئیمامی تەمەن 35 ساڵ و خەڵکی پاوە، لەکاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی شاری نەوسود، کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت و بریندارکرا.