وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خوێندکاران دەرکرد
هەولێر- نۆرس پرێس
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق رایگەیاند، بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا ساڵی خوێندنی 2022-2023 بە ساڵی نەکەوتن هەژمار دەکرێت.
ماڵپەڕی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڵاویکردەوە، بە بڕیاری نەعیم عەبودی، وەزیری خوێندنی باڵا سەرجەم خوێندکارانی خوێندنی ساڵی 2022-2023 لە تەواوی کۆلێژە حکومی و نا حکومییەکان بە دەرچوو هەژمار دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بەهۆی گزیی و ساختەکارییەوە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا دەرکراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئەمڕوە تا رۆژی 31ی مانگی داهاتوو پڕۆسەی گەڕانەوەی خوێندکاران بۆ کۆلێژەکانیان دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی بتوانن مامەڵەکانیان رایی بکەن پێش دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن.