وەزیری دەرەوەی سعودیە دوای 9 ساڵ گەیشتە تاران و لەلایەن هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێشوازی لێکرا
هەولێر-نۆرس پرێس
وەزیری دەرەوەی سعودیە دوای 9 ساڵ گەیشتە تاران و لەلایەن هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێشوازی لێکرا، ئەوەش یەکەمین سەردانە لە دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2014.
ئەمڕۆ شەممە بەپێی ئاژانسی تەسنیم، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە گەیشتە تاران و لەلایەن حوسێن ئەمیرعەبدوللەهیان هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێشوازی لێکرا.
وەزیری دەرەوەی سعودیە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە لە گەشتێکدا بو بۆ پاریس و ڕاستەوخۆ لە فڕەنساوە چوە تاران.
ئەوە یەکەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی سعودیەیە دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2014، تاران و ریاز لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردودا بە نێوەندگیری چین لە شاری پەکین سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکە لەماوەی دومانگدا گەیشتنە رێککەوتن،ئەمەش دوای چەند خولێکی دانوستان لە عێراق و عومان.
باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی 16 مانگی رابردو بە ئامادەبونی بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی و عەرەبستان لە ڕیاز کرایەوە.