وەزیری دەرەوەی سعودیە دوای 9 ساڵ گەیشتە تاران و لەلایەن هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێشوازی لێکرا
هەولێر- نۆرس پرێس
وەزیری دەرەوەی سعودیە دوای 9 ساڵ گەیشتە تاران و لەلایەن هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێشوازی لێکرا، ئەوەش یەکەمین سەردانە لە دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2014دا.
ئەمڕۆ شەممە بەپێی ئاژانسی تەسنیم، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە گەیشتە تاران و لەلایەن حوسێن ئەمیرعەبدولەهیان هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێشوازی لێکرا.
وەزیری دەرەوەی سعودیە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە لە گەشتێکدا بو بۆ پاریس و ڕاستەوخۆ لە فڕەنساوە گەیشتە تاران.
ئەوە یەکەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی سعودیەیە دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2014دا، تاران و ریاز لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردودا بە نێوەندگیری چین لە شاری بەکین سەبارەت بە گەڕانەوەی پەیوەندییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکە لەماوەی دومانگدا گەیشتنە رێککەوتن، ئەمەش دوای چەند خولێکی دانوستان لە عێراق و عومان.
باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی 16 مانگی رابردوو بە ئامادەبونی بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی و سعودیە لە ڕیاز کرایەوە.