دوای مشتومرێکی زۆر… پەدەکەسە دەرئەنجامی کۆنفرانسەکەی رایگەیاند

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

پارتی دیموکراتی کوردستان – سوریا (پەدەکەسە) کۆتا بەیاننامەی کۆنفرانسی گشتی خۆی لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پەدەکەسە بەردەوام دەبێت لە کارکردن “لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هەروەها دەرگا بەڕووی سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا کراوەیە لەسەر رێگای بنیاتنانی سوریایەکی نوێ لەسەر بنەمای فیدراڵی “لامەرکەزی سیاسی” بەمەبەستی گەرەنتیکردنی مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەکان و مافی گەلی کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە سوریا”.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە ناوی سکرتێری نوێی حزبەکە نەکراوە، بەڵام میدیاکانی نزیک پەدەکەسە، بڵاویانکردەوە کە محەمەد ئیسماعیل، لە شوێنی سعود مەلا وەک سکرتێری نوێی حزبەکە هەڵبژاردراوە.

کۆنفرانسەکەی پەدەکەسە بۆ ماوەی دوو رۆژ 10-11 مانگی حوزەیران لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو.

لە راگەیەندراوێکی پەدەکەسەدا هاتووە، “کۆنفرانسەکە کۆمەڵێک بڕیاری داوە کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی حیزب و بەهێزکردنی خەبات لەڕووی سیاسی و جەماوەریەوە”.

هاوکات دوێنێ هەینی 16ی حوزەیرانی 2023 تەڤگەری ئازادیی کوردستان – سوریا کە بزوتنەوەیەکی کوردی سوریایە، رایگەیاند، دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە “لە بنەماکانی دیموکراسی لایداوە”.

نزیکەی 200 ئەندامی پەدەکەسە بۆ هەڵبژاردنی 26 ئەندامی لیژنەی ناوەندی بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد.