هەولێر – نۆرس پرێس
کۆشکی ئەلیزێ لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە تاوتوێی “پێویستی خێراکردنی کۆتاییهێنان بە بۆشایی سیاسی لوبنان”یان کرد، هاوکات تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی دوولایەنەیان کرد.
سەرۆکایەتی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، درەنگ کەوتن لە دیاریکردنی سەرۆک کۆماری لوبنان بۆ ماوەی هەشت مانگ، بووەتە ” بەربەستی سەرەکی لەبەردەم چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری کۆمەڵایەتی سەخت” کە لوبنان بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
چوارشەممەی رابردوو، بۆ 12ەمین جار لە سەر یەک پەرلەمانی لوبنان شکستی هێنا، لە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لوبنان لە قەیرانێکی ئابووری و دارایی سەختدا تێدەپەرێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و شازادەی سعودیە ئاماژەیان بە “وابەستەی هاوبەشیان بە ئاسایش و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” و “ویستی بەردەوامبوونیان لە هەوڵە هاوبەشەکانیان بۆ کەمکردنەوەی بەردەوامی گرژییەکان لە ناوچەکەدا” کرد.
ئەمە دووەم سەردانی شازادەی سعودیە، دوای سەردانەکەی مانگی تەمموزی 2022 کە ناڕەزایی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و چەپی فەرەنسی لێکەوتەوە، وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی 2018.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی ئێلیزێ، هەردوولا باسیان لە دۆسیەی ئۆکرانیا کرد، لەم بارەدا ماکرۆن نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە شەڕەکە و کاریگەرییە “کارەساتبارەکانی” لەسەر دانیشتوانی مەدەنی و کاردانەوەکانی لەسەر ئاسایشی خۆراک.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، فەرەنسا ئامادەیە بۆ هاوکاریکردنی سعودیە لە “بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی”، کۆمپانیا فەرەنسییەکانیش خوازیارن پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی دیدگای 2030ی سعودیە بکەن”، کە بەرنامەیەکی چاکسازی بەرفراوانە لە وڵاتی سعودیە.
بن سەلمان بەنیازە بۆ ماوەیەکی زۆر لە فەرەنسا بمێنێتەوە، کە خاوەنی چەندین کۆشکە، لەنێویاندا قەڵایەکی ناوازە لە نزیک پاریسی پایتەخت فرەنسا.
جێنشینی سعودیە لە سەردانەکەیدا بەشداری لە لوتکەی پەیماننامەیەکی نوێی دارایی جیهانیدا دەکات، کە لەلایەن ئەلیزەییەوە رێکدەخرێت، لە رۆژانی 22 و 23ی حوزەیران.