هەولێر- نۆرس پرێس
سا‌میا سمو، دوای رزگاربونی لە دەستی داعش ئەمڕۆ هەینی جارێکی دیکە لەگەڵ دەخیل حه‌سه‌نی هاوسەری ئاهەنگی هاوسەرگیریان له شارۆچکه‌ى خانکێی سه‌ر به پارێزگاى دهۆک ئه‌نجامدا و تەواوی پێویستى بوک و زاوا له لایه‌ن چه‌ند کەسانێکی خێرخوازی ئێزدى دابینکراوە.
ئاهەنگی سا‌میا سمو کە بەم دواییانە لە دەستی داعش رزگارکرا لەگەڵ دەخیل حه‌سه‌نی هاوسەری ئه‌مرۆ هه‌ینى به ئاماده‌بونى سه‌دان کەس له که‌سوکارى هەردولا له هۆڵێکى ناحیه‌ى خانکێی سه‌ربه قه‌زای سێمێلی سه‌ر به پارێزگای دهۆک، بەڕێوەچوو.
حسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدیى، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان، رایگەیاند، سا‌میا دوای ساڵانێک لەگەڵ ژمارەیەک ژنی دیکەدا لە سەرەتای ئەم مانگە له شارى دهۆک به که‌سوکاریان شادبونه‌وه.
ئاماژەی بەوەشکرد، سا‌میا بۆ ماوه‌ى زیاتر له 3 ساڵ په‌یوه‌ندى خۆشەویستی له‌گه‌ڵ دەخیل حه‌سه‌ن هه‌بوو، هەرچەندە ساڵى 2013 ئاهه‌نگى هاوسه‌رگیرییان ئه‌نجامدا، بەڵام زۆرى نەخایاند، له ساڵى 2014دا سا‌میا که‌وته ده‌ستى رێکخراوى داعش و هاوسه‌ره‌که‌ى دەخیل حه‌سه‌ن له ماوه‌ى ئه‌و 10 ساڵه‌دا هه‌ر له چاوه‌ڕوانى دابوو و ژیانى هاوسه‌رگه‌ری پێکنه‌هێنابوو.
لە ناوەڕاستی ساڵی 2014دا چەکدارانی داعش لە عێراق سەریان هەڵدا و لە 3ی ئابی هەمان ساڵدا هێرشیانکردە سەر شەنگال و کۆنتڕۆڵیانکرد، بەو هۆیەوە زۆرینەی خەڵکی قەزاکە هەڵهاتن و هەزاران ژن و کچیش بێسەروشوێن کران و سەدانی دیکەش کوژران.
بەگوێرەی ئامارەکانی نوسینگه‌ى رزگارکردنى رفێندراوانى ئێزدى، داعش شه‌ش هه‌زار و 417 کوردى ئێزدى رفاندوە، له‌و ژماره‌یه سێ هه‌زار و 548 که‌سیان له ره‌گه‌زى مێ بوون و دوو هه‌زار و 869 که‌سیش له ره‌گه‌زى نێربوون، له‌وانه‌ش سێ هه‌زار و 568 که‌سیان رزگارکراون و دوو هه‌زار و 693 رفێندراوى دیکه‌ش بێ سه‌روشوێنن.