هەولێر-نۆرس پرێس
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە توندترین شێوە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و توندوتیژی ترسناک شەرمەزار دەکات کە لەماوەی شەڕی نزیکەی 2 مانگی رابردودا لە سودان تۆمارکراون.
ماتیۆ میللەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەمریکا بە تایبەتی نیگەرانە لە ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی نەتەوەیی کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازی و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانانەوە لە دارفۆری ڕۆژئاوا ئەنجامدەدرێن.
میللەر دەڵێت، ئەو دڕندەییانەی ئەمڕۆ لە دارفۆری ڕۆژئاوا و شوێنەکانی دیکە ڕودەدەن، بیرهێنانەوەیەکی نەخوازراون بۆ ئەو ڕوداوە ترسناکانەی کە وایکردووە ئەمریکا لە ساڵی 2004دا بەو ئەنجامە بگات کە جینۆساید لە دارفور ئەنجامدراوە.
ئەوەشی خستەڕو، ئەمریکا بە تایبەتی سەرکۆنەی کوشتنی حاکمی دارفۆری ڕۆژئاوا، خەمیس ئەبکار دەکات، دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا و هێزەکانی دیکەی بە ئەنجامدانی جینۆساید تۆمەتبار کرد.
سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ئەو دوو لایەنەی کە پێکەوە عومەر بەشیریان لە ساڵی 2019دا لادا، لە 15ی نیسانی ئەمساڵەوە لە سەنتەری خەرتومی پایتەخت شەڕیان دەستپێکرد، ئەوەش دوای ناکۆکی لەسەر یەکخستنی هێزەکانیان وەک بەشێک لە شەڕێکی نوێ.
بەهۆی شەڕ و پێکدادان لە سودان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا 2 ملیۆن و 20 هەزار کەس ئاوارە بوون و لانیکەم هەزار کەسیش کوژراون.