هەولێر – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی، هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی دوو چەکداری رێکخراوی تیروریستی داعش لە شاری کەرکوک لە باکووری عێراق ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری و ئاسایش لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری مەیدانی و ئاسایشی کەرکوک توانیان دوو چەکداری تیرۆریستی داعش لە پارێزگای کەرکوک دەستگیربکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکیان سەرکردە و بەرپرسی پزیشکی ویلایەت و ئەوی دیکەیان سەرکردەیەکی دیار و برای وەزیری شەڕی چەکدارانی تیرۆریستی داعش بووە، دوو فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە بەپێی بڕگەکانی مادەی (4،1)ی تیرۆر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری دروست و بە هەماهەنگی لەگەڵ فەوجەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و هێزی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک و بە هاوکاری بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سلێمانی ئەنجامدراوە.