سودانی واژۆکردنی ژمارەیەک گرێبەستی گرنگی وەبەرهێنان لە غازی سروشتی راگەیاند

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، واژۆکردنی گرێبەستە گرنگەکانی وەبەرهێنانی غازی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت وەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ ئابوری، هەروەها چەند گرێبەستی گرنگی بۆ وەبەرهێنانی غاز واژۆ کردووە.

سودانی لە وتارێکدا لە میانەی ئاهەنگگێڕانی ساڵیادی دامەزراندنی ئۆپێک لە بەغدا رایگەیاند، ئۆپێک بووەتە یەکێک لە گرنگترین ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکاری گەورەی لە وڵاتانی جیهان بەخۆوە بینیوە، بەرپرسیارێتیەکەشی تەنها بە پرۆسەی هەناردەکردن کۆتایی نایەت، بەڵکو دەگاتە پرۆسەی ڕێکخستنی نرخەکان.

بەوتەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێشتا نەوت سەرچاوەیەکی گرنگی ئابورییە بۆ وزە لە جیهاندا و پێویستە وڵاتانی ئەندام ئاستەنگەکانی جیهان لەبەرچاو بگرن.

هەروەها سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، هاتنە ناوەوەی غازی سروشتی بۆ ناو بازاڕی وزە بەرپرسیارێتی نوێی زیاد کردوە، عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت وەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ ئابوری، چەند گرێبەستی گرنگی بۆ وەبەرهێنانی غازیش واژوو کردووە.

ئەوەشی خستەڕو، کەچەند قۆناغێک بۆ کارکردنی کەرتی غازی دیاریکردووە، ئاسانکاری تەواو کراون و بەبێ هیچ گرفتێک دەتوانن وەبەرهێنان ئەنجامبدەن.