هەولێر- نۆرس پرێس
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان پێشبینیدەکات تا ساڵی 2050 وشکەساڵی کاریگەری لەسەر زیاتر لە سێ لەسەر چواری دانیشتوانی جیهان دروستبکات و وەزیری ژینگەی عێراقیش دەڵێت، ساڵانە 100 هەزار دۆنم لەخاکی عێراق بەرەو بە بیابانبون دەچێت.
ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لەڕاپۆرتێکدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی بیابانبون و وشکەساڵی بڵاویکردۆتەوە، دیاردەی بەبیابانبون لە باشوری کوردستان سەری هەڵداوە، بەڵام هیچ داتا و ئامێرێک نییە باس لە مەترسییەکانی لەداهاتوودا بکات.
لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەو وشکەساڵییەی کە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لە ئەنجامی بڕینی لقەکانی ڕوباری دیجلە لەلایەن ئێرانەوە و کەمبونەوەی لێشاوی ئاوی تورکیا بەرەو عێراق لە ڕێگای ڕوباری فوراتەوە، وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم وشکەساڵییەکی زۆر، کە بووەتە هۆی بچووکبونەوەی ناوچە کشتوکاڵییەکان بۆ نیوە و بێبەشکردنی چەند پارێزگایەک لە کشتوکاڵ بە تەواوەتی.
بەپێی ئامارەکان، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەواوە، ساڵی 2017 عێراق بە پلەی پێنجەم دێت کە زیانی بەرکەوتوە، بەداخەوە تا ئێستا 2023 عێراق لەو پلەیەدا ماوەتەوە و نەیتوانیوە هیچ گۆڕانکارییەک دروست بکات.
بەپێی شارەزانی کەشناسی، عێراق یەکێکە لە وڵاتانی کە سەرچاوەکانی ئاوی لەناو خاکی وڵاتانی دراوسیێدایە، کەمی ڕۆیشتنی ئاو کاریگەری لەسەر زیادبونی ڕێژەی بیابانبون و کەمی زەوییە بەپیتەکان هەیە و دەبێتە هۆی زیادبونی.
پێشتریش وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاندبوو، عێراق ساڵانە 100 هەزار دۆنم لەدەستدەدات بەهۆی کێشەی بیابانبون ، هەروەها مەترسیدارترین شت پەرەسەندنی تەپۆڵە خۆڵەکانە لەو ناوچانەی کە هەمیشە بەپیت بون لە کشتوکاڵ و دەستەبەرکردنی بەرهەمی ئاسایشی خۆراکی وڵات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی سەنتەری پولیتزەر، کە ئاماژەی بەوە کردوە گۆڕانکاری کەشوهەوا لە عێراقدا بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە ژیان و کەمی ئاو و کەمبونەوەی ڕێژەی بارانبارین، بۆ زیاتر وشکەساڵی و بیابانبون، بەو پێیەی وشکەساڵی بوەتە هۆی ئەوەی عێراق لەسەدا 49ی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی بەفیڕۆ بدات.